رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە نیویۆرک ئاشکرای دەکات، تەکنەلۆژیای لەرەلەری موگناتیسی (MRI) دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی گورچیلە دەستنیشان بکات، تەنانەت پێش ئەوەی هیچ نیشانەیەکی پەککەوتنی گورچیلە لە نەخۆشەکەدا دەربکەوێت.
توێژینەوەکە لە قوتابخانەی "ئایکان" بۆ پزیشکی لە زانکۆی "ماونت سینای" کراوە و دەریدەخات کە بەکارهێنانی MRIە پێشکەوتووەکان تەنها بۆ بینینی شێوەی دەرەوەی ئەندامەکان نییە، بەڵکو دەتوانێت بڕی ئۆکسجین، سوڕی خوێن و ئاستی هەوکردنی ناو شانەکان بپێوێت.
ئەنجامەکان کە لەسەر 43 نەخۆش تاقیکراونەتەوە، سەلماندوویانە کە ئەم وێنەگرتنەی MRI زۆر وردترە لە پشکنینە ئاساییەکانی خوێن بۆ پێشبینیکردنی دۆخی گورچیلە دوای نەشتەرگەری.
دکتۆر "میرا لیو" سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، کە بەهۆی ئەم کارەیەوە خەڵاتی جیهانیی (W.S. Moore)ی پێبەخشراوە، دەڵێت؛ "ئەو فشارە شاراوەیەی لەسەر گورچیلە هەیە، دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک نەخۆش دوای نەشتەرگەری تووشی پەککەوتن ببن، تەنانەت ئەگەر پێش نەشتەرگەرییەکەش پشکنینە ئاساییەکانیان باش دەرکەوتبێت."
دکتۆر "میرا" دەڵێت؛ توێژینەوەکەیان دەریخستووە کە دەتوانرێت یەک ساڵ پێشوەختە، ئەگەری تێکچوونی باری تەندروستی گورچیلە دیاری بکرێت.
ئەم دەستکەوتە زانستییە هیوا بۆ ملیۆنان نەخۆش دەگەڕێنێتەوە کە پێویستیان بە نەشتەرگەری وەرەمی گورچیلە هەیە و ئەم توێژینەوەیە وەک سەرەتایەک دەبینرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پشکنینی MRI ببێتە ستانداردێکی جیهانی لە هەموو نەخۆشخانەکاندا، نەک تەنها بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی، بەڵکو وەک ئامرازێکی کارا بۆ پاراستنی ئەندامە زیندووەکانی جەستە پێش ئەوەی زیانیان پێ بگات بەکاربێت.
