رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ نوێترین ئامارەکانی بڵاوبوونەوەی ''ڤایرۆسی کوشندەی ئیبۆلا'' ئاشکرا دەکات؛ 808 تووشبوو و 192 گیانلەدەستدان تۆمار کراون.
تەنیا دوێنێ، 26 تووشبووی پشتڕاستکراو و 11 گیانلەدەستدان تۆمار کراون، لە 15ـی ئایارەوە تاوەکو ئێستا رێژەی مردن بە نەخۆشییەکە گەیشتووەتە 23.8٪، 48 تووشبووش چاک بوونەتەوە کە زۆرینەیان کارمەندانی تەندروستی بوون.
ئیبۆلا چییە؟
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، تائێستا ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە، رێژەی کوشندەییەکەی نزیکەی 50٪ـە لەکاتێکدا رێژەی کوشندەیی کۆرۆنا 15٪ و کەمتریش بوو.
لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس لە وڵاتانی ئەفریقا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بوو، کە تێیدا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا. تەنانەت ساڵی رابردووش 45 کەس هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا گیانیان لەدەستدا.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- تا و بێهێزی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- سکچوون
- رشانەوە
- لیکی سەر پێست
- خوێنبەربوون
- شەکەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
چۆن ئیبۆلا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن، میز، بەڵغەم و رشانەوەی کەسی تووشبوو
- تێکەڵاوبوون و مانەوە لەو شوێنانەی گیانداری کێوی لێیە بەتایبەت شەمشەمەکوێرە
- گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- دایکی تووشبوو بۆ منداڵەکەی لەڕێگەی شیرپێدان
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسبووی تاقیگە بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبوو
