رووداو - تەندروستی
سەرۆکی بەشی خۆپاراستن و سەلامەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی زاخۆ رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ جەختی زۆر لەسەر قەدەخەکردنی سەربڕینی قوربانییە لەنێو ماڵان. ئەو دەڵێت: بە لیژنەی ئەمنی و پزیشکی سزای ئەنجامدەران دەدەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27-5-2026 د. دڵشاد محەممەد، سەرۆکی بەشی خۆپاراستن لە زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، هەموو گۆشتفرۆش و قەسابەکان ئاگادارکراونەتەوە لە مەترسیی سەربڕینی قوربانی لەنێو ماڵاندا و هۆشداریش دراوە بە مامۆستایانی ئایینی کە هانی خەڵک بدەن، بچنە کوشتارگەکان بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکانیان.
بەگوتەی د. دڵشاد محەممەد، کەلوپول و جلوبەرگی خۆپارێزیان بەسەر قەساب و گۆشتفرۆشەکاندا دابەشکردووە و ماوەی 10 رۆژە لیژنەی ئەمنی و پزیشکی دەگەڕێن بەنێو گۆشتفرۆشەکاندا بۆ چاودێریکردنی گۆشتی بێ مۆر.
گۆشتی بێ مۆر و سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵەکاندا هۆکارن بۆ خواردنی گۆشتێکی ناتەندروست و نادڵنیا لەوەی، گۆشتەکە تا چ رادەیەک تەندروستە و شیاوی خواردنە.
خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- بەکارهێنانی دەستكێش، ماسک و جلوبەرگی تایبەت
- دەستشووشتن
- نابێت ئەندامانی خێزان کۆببنەوە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- سەرجەم پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕدراو بخرێتە نێو کیسی داخراو
- پاکژکردنی چەقۆکان دوای سەربڕین بە دەرمانی دژەبەکتریا و دژەڤایرۆس
- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت بە ''فاست''
- دوای سەربڕینی ئاژەڵ 24 کاژێر گۆشت لەنێو بەفرگردا هەڵبگیرێت
- باشترە گۆشت بکوڵێندرێت
- بەکارنەهێنانی ئەو ئاژەڵانەی گەنە یاخود مێروویان پێوەیە
رێگەکانی گواستنەوەی تای خوێنبەربوون
- پێوەدانی گەنەی تووشبوو بە نەخۆشییەکە
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە پاشماوە، گۆشت و ئاژەڵی تووشبوو بە نەخۆشییەکە
- بەرکەوتن بە شلە و پاشماوەی کەسی تووشبوو
- بەرکەوتن بە شلە، گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵێک کە گەنەی لەسەر بێت
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان زیاترە
* ئاژەڵدار
* گۆشتفرۆش
* کرێکارانی سەربڕخانەکان
* پزیشکی ڤێتێرنەری
* کابانی ماڵەوە
* بەرکەوتەی کەسی تووشبوو
.png&w=3840&q=75)