رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵان، ئامارە نوێیەکان نیشانی دەدەن کە نزیکەی 138 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا خەریکی کارکردنن، کە دەکاتە یەک منداڵ لە هەر 17 منداڵ.
بەگوێرەی راپۆرتێکی هاوبەش، نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەم دیاردەیە تاوەکو ساڵی 2025 بپێکێت و ئێستا ملیۆنان منداڵ لە دۆخێکی مەترسیداردا دەژین و لە هەر 17 منداڵ یەکێکیان کار دەکات.
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار و ئاژانسی تایبەت بە هاوکاریکردنی منداڵانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسێف)، لە کۆی ئەو منداڵانەی کار دەکەن، 54 ملیۆنیان کاری مەترسیدار دەکەن کە هەڕەشە لە باری تەندرووستی و سەلامەتییان دەکات.
ئامارەکان لەبارەی تەمەنی ئەومنداڵانەی کاری مەترسیدار دەکەن بەم شێوەیەیە:
- 10.3 ملیۆن منداڵ تەمەنیان لە 5 ساڵ بۆ 11 ساڵە.
- 12.8 ملیۆن منداڵ تەمەنیان لە 12 ساڵ بۆ 14 ساڵە.
- 30.8 ملیۆن منداڵ تەمەنیان لە 15 ساڵ بۆ 17 ساڵە.
ئەم منداڵانە بەرکەوتنیان لەگەڵ مادە کیمیاییە ژەهراوییەکان هەیە و رووبەڕووی کێشەی کاژێری زۆری کارکردن دەبنەوە، کە زیانی هەمیشەیی بە گەشەی جەستەیی و دەروونییان دەگەیەنێت و زۆربەیشیان لە خوێندن بێبەش بوون.
کشتوکاڵ؛ گەورەترین کەرتی کارکردنی منداڵان
کەرتیی کشتوکاڵ بە رێژەی 61% گەورەترین کەرتە منداڵان کاری تێدا دەکەن، کە دەکاتە نزیکەی 84 ملیۆن منداڵ.
منداڵان لە کەرتی کشتوکاڵ زۆرجار پێش هەڵاتنی خۆر دەست بە کار دەکەن و فەردەی قورس بە شان دەگوازنەوە یان دەرمانی قڕکەر دەڕشێنن.
هەروەها 27%ـی منداڵان لە کەرتی خزمەتگوزاری وەک کارکردن لەنێو ماڵ و هۆتێلەکان و 13%ـیشیان لە کەرتی پیشەسازی وەک بیناسازییدا کاردەکەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2015ـدا بڕیاری دا تاوەکو ساڵی 2025 کارکردنی منداڵان لە جیهاندا بنبڕ بکات، بەڵام ئێستا کە ئەو وادەیە تێپەڕیوە، ئامارەکان نیشانیی دەدەن کە جیهان لە ئامانجەکەی دوورە.
12ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵان دادەنرێ و بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2002 لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتیی کارەوە دیاری کرا. ئامانجی سەرەکی لە دیاریکردنی ئەم رۆژە دروستکردنی هۆشیاری و یەکخستنی هەوڵە جیهانییەکانە بۆ نەهێشتنی کارکردنی منداڵان.
