رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە باس لە ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران دەکەن لە بەرامبەر واژۆکردنی رێککەوتن. ڤانس دەڵێ، تاران تەنیا ئەو کاتە لەڕووی داراییەوە سوودمەند دەبێ کە هەموو پابەندییە ئەتۆمی و سەربازییەکانی جێبەجێ بکات و بەرژەوەندییەکانی واشنتن و هاوپەیمانەکانی بپارێزێ.
رۆژی هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس لە پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، زانیاری ساختەی زۆر لەبارەی رێککەوتن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاوکراونەتەوە. ڤانس گوتی: "ئێرانییەکان هیچ پارەیەکی نەختینە وەرناگرن و هیچ بڕە پارەیەکی سڕکراویش لە بەرامبەر واژۆکردنی رێککەوتن ئازاد ناکرێ."
ڤانس گوتی، بەندەکانی رێککەوتنەکە بە جۆرێک داڕێژراون داواکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە پێشینەدا بن.
مەرجەکان بۆ سوودە ئابوورییەکان
جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندی هەموو مەرجەکان بێ، ئەوکاتە لەڕووی دارایی و ئابوورییەوە سوودمەند دەبن.
ڤانس باسی لەوە کرد، ئەم رێککەوتنە دەتوانێت نەخشەی ناوچەکە بگۆڕێ و ئاشتییەکی هەمیشەیی فەراهەم بکات؛ هەروەها گوتی، دۆناڵد ترەمپ دەستکەوتی گرنگ بۆ ئەمریکا بەدەست دەهێنێت و رێگری لە هەر جۆرە پێشهاتی سەربازی دەگرێ.
رەخنە لە میدیاکان و نەیارانی ترەمپ
ڤانس رەخنەی لەو کەسانە گرت کە دەستیان بە رەخنەگرتن لە ترەمپ کردووە و گوتی: "سەیرە ئەو کەسانەی مانگێک لەمەوبەر دەیانگوت ترەمپ سەرۆکێکی مێژووییە، ئێستا بڕوا بە زانیاریی نادیار و ناڕاستی سۆشیاڵ میدیا دەکەن؛" ئاماژەی بەوەش کرد نابێت بڕوا بەو هەواڵانە بکرێ کە سەرچاوەکانیان نادیارە و دەیانەوێ رێڕۆی دانوستاندنەکان تێکبدەن.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد. داخستنی تەنگەی هورمز گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بازاڕی وزەی جیهانی. ئەمریکاش گەمارۆی بەسەر بەندەرکانی ئێراندا سەپاندووە.
