رووداو دیجیتاڵ
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، حکومەتی سویسرا بە فەرمی رایگەیاند کە دانوستاندنە بڕیارلێدراوەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دواخراون. ئەم بڕیارەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە گەشتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە پەیامێکدا کە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس (AFP) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند: "ئەو دانوستاندنە پلانبۆداڕێژراوانەی کە بڕیار بوو لە نێوان ئەمریکا، ئێران، قەتەر و پاکستاندا بەڕێوەبچن، دواخراون."
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بەبێ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، ئاماژەی بەوەش کرد: "سویسرا بەردەوام لە ئامادەییدایە بۆ ئاسانکاریکردن لەم دانوستاندنانەدا، و ئامادەکارییە پێویستەکان لە ناوچەی بورگنبستۆک (Burgenstock) بەردەوامن."
کۆشکی سپی: ڤانس ئەمڕۆ ناچێتە سویسرا
کۆشکی سپی رایگەیاند کە گەشتی شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی وڵات بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنە تەکنیکییەکان لەگەڵ ئێران، بەهۆی ئاڵۆزیی رێکارە لۆجیستییەکانی تایبەت بە پرۆسەی گفتوگۆکان دواخراوە.
گوتەبێژێکی کۆشکی سپی لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران دەڵێت: "پلانەکانی تایبەت بە دانوستاندنە تەکنیکییەکانی داهاتوو هێشتا کۆتاییان نەهاتووە، بەڵام شاندی ئەمریکا ئامادەیە لە یەکەم دەرفەتی گونجاودا بەڕێبکەوێت." گوتەبێژەکە جەختی لەوەش کردبووەوە کە رێکارە لۆجیستییەکانی ئەم جۆرە دانوستاندنانە هیچ کاتێک سادە یان پێشبینیکراو نەبوون.
ترەمپ و ئاشتی
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لە پابەندبوونی تەواوی واشنتن بە چەسپاندنی ئاشتیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووەتەوە. ترەمپ رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، لە (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی، ئەمریکا بە تەواویی پابەندە بە بەدیهێنانی ئاشتیی لە ناوچەکەدا و داوای لە هەموو لایەنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد کە پابەندی ئاگربەست بن تاوەکو دانوستاندنەکان بە سەرکەوتوویی بچنە پێشەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردبوو کە هەواڵەکانی رێککەوتنەکە رەنگدانەوەی ئەرێنییان لەسەر بازاڕە داراییەکان هەبووە و گوتی: "بازاڕەکان ئەوەیان بە دڵە کە روودەدات؛ نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەهای پشکەکانیش زۆر بەرز بوونەتەوە."
ترەمپ لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە واشنتن چاوەڕێی ئاگربەستێکی تەواوەتی و گشتگیر لە هەموو بەرەکانی جەنگ دەکات، بە تایبەتی لە لوبنان، لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلدا، و پێویستە لە هەموو ئەو شوێنانەدا شەڕ رابگیرێت کە بڕیار بوو بە واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە لە سویسرا، بڵێسەی ئەو جەنگە بکوژێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)