رووداو دیجیتاڵ
ئوسترالیا رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی 20 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەکو قەرەبوو بۆ دەیان پەناخواز کە پێش دوو دەیە، لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتە بە مەبەستی رێگریکردن لە گەیشتنی بەلەمەکان، لە ناوەندێکی دوورەدەستی دەستبەسەرکردن راگیرابوون.
ناوەندی دەستبەسەرکردنی 'وومێرا' لە ساڵی 1999 لە بیابانی باشووری ئوسترالیا کرایەوە، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمدا، نزیکەی 1,500 کەسی تێدا نیشتەجێ کرا زۆربەیان خەڵکی عێراق و ئەفغانستان بوون؛ یەک لەسەر سێی دەستبەسەرکراوەکانیش منداڵ بوون.
بەهۆی سیاسەتە تووندەکانی ئوسترالیا بەرامبەر پەناخوازان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو وڵاتەیان سەرکۆنە کرد، بەتایبەت کاتێک پەناخوازە دەستبەسەرکراوەکان وەکو ناڕەزایەتی مانیان لە خواردن گرت، لێوی خۆیان دورییەوە و هەوڵی هەڵاتنی بەکۆمەڵیان دا. ئەو ناوەندە لە ساڵی 2003 داخرا.
هەفتەی رابردوو دادگەی باڵای ئوسترالیا بڕیاری دا حکومەت ناتوانێت خۆی لە داواکاریی قەرەبووکردنەوە بدزێتەوە ئەگەر دەرکەوت دەستبەسەرکردنی پەناخوازان نایاسایی بووە.
کۆمپانیای یاسایی (Shine Lawyers) رۆژی هەینی رایگەیاند، حکومەتی ئوسترالیا رەزامەند بووە لەسەر چارەسەرکردنی داوایەکی یاسایی 38 دەستبەسەرکراوی پێشوو دەڵێن لە کاتی دەستبەسەرکردنیان لە ناوەندەکانی وومێرا و باکستەر، زیانی گەورەیان پێگەیشتووە.
نیکۆلاس کێچین، لە کۆمپانیای (Shine Lawyers) دەڵێت: "ئەمڕۆ ساتێکی گرنگە، بەڵام لە هەمان کاتدا خەمناکیشە، چونکە هەندێک لە ئەندامانی گرووپەکە نەمان تاوەکو ئەم رۆژە ببینن."
گوتیشی، ئێستا ئوسترالیا بووەتە ماڵی زۆربەیان و خێزان و ژیانیان لێرە پێکێناوە، لە کاتێکدا هێشتا بەدەست لێکەوتەکانی ئەو قۆناخە سەختەی ژیانیانەوە دەناڵێنن.
گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا رایگەیاند، بابەتەکە "بەگوێرەی پرەنسیپ و رێکارە یاساییەکان" چارەسەر کراوە.
ئوسترالیا دوای داخستنی کامپە بیابانییەکان، سیاسەتەکەی گۆڕی بۆ رەوانەکردنی ئەو پەناخوازانەی بە بەلەم دەگەن بۆ کامپە دوورەدەستەکانی دوورگەی نائورو و دوورگەی مانوس لە ئۆقیانووسی هێمن، تاوەکو کاتی یەکلاییکردنەوەی داواکاریی پەنابەرییان.
حاتەم یەکتا، پەناخوازی کورد لە لێواری مردنە
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوی (Refugee Action Coalition) رۆژی هەینی داوای لە حکومەت کرد حاتەم یەکتا، کە پەناخوازێکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و تەمەنی 36 ساڵە، بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بگوازێتەوە. حاتەم لە ساڵی 2013دا رەوانەی دوورگەی مانوس لە پاپوا گینێی نوێ کرابوو، ئێستاش باری تەندروستی و دەروونیی زۆر تێکچووە.

رێکخراوەکە وێنەی حاتەمی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دیارە زۆر لاواز بووە و لە نەخۆشخانەیەکی پۆرت مۆریسبی لەژێر چاودێریدایە. ئیان رینتۆڵ، گوتەبێژی رێکخراوەکە دەڵێت: " حاتەم نموونەیەکی دڵتەزێنی دۆخی ئەو 10 بۆ 12 پەناخوازەیە کە بەهۆی هەڵسوکەوتی خراپ لە کامپی مانوس تووشی کێشەی دەروونی بوون."
حکومەتی ئوسترالیا دەڵێت پاپوا گینێی نوێ بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی دۆخی ئەو پەناخوازانەی لەوێ ماونەتەوە، دوای ئەوەی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2022 کۆتایی هات.
