رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، سەرەڕای دواخستنی کاتی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام ئامادەکارییە تەکنیکی و لۆجیستییەکان بۆ میوانداریکردنی هەردوولا لە هاوینەهەواری "بورگنستۆک" بەردەوامن.
رۆژی هەینی، 19ی حوزەیرانی 2026، جۆناس مۆنتانی، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سویسرا لە وەڵامی ئیمەیلێکی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئەو گفتوگۆیانەی بڕیاربوو لەنێوان ئەمریکا، ئێران، قەتەر و پاکستان بکرێن دواخراون. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی ئامادەکارییەکە نەوەستاوە و گوتی: "کارە ئامادەکارییە پەیوەندیدارەکان لە بورگنستۆک بەردەوامن."
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، وڵاتەکەی وەک هەمیشە ئامادەیە بۆ ئاسانکاری و رەخساندنی ژینگەی گونجاو بۆ ئەم دانوستاندنە مێژووییە. مۆنتانی گوتی، "سویسرا ئامادە دەمێنێتەوە بۆ ئاسانکاریی ئەم گفتوگۆیانە، بەڵام لەم ساتەدا ناتوانرێت هیچ زانیارییەکی زیاتر بخرێتە روو."
بڕیاربوو هەر ئەمڕۆ هەینی، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سویسرا کۆببنەوە و گفتوگۆکان لە چوارچێوەى یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی 14 خاڵیی "ئیسلامئاباد" دەستپێبکەن.
ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی بڕیارێکی جێبەجێکردنەوە فەرمانی داوە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبرێت و تەنگەی هورمز بە بێ باج بەڕووی کەشتییەکاندا دەکرێتەوە.
هەرچەندە شەڕ و ئاڵۆزی لە باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل بەردەوامن، بەڵام سویسرا وەک نێوەندگیرێکی بێلایەن بەردەوامە لە ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنەی نێوانیان، کە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و هاوتا ئێرانییەکەی بە ئۆنلاین واژۆی لەسەر کرا.
.jpg&w=3840&q=75)