رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر ئوردن، بەحرێن و کوێت و رایگەیاند: سەقامگیریی وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ بەشێکی گرنگە لە سەقامگیریی عێراق.
پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێنراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کراونەتە سەر خاکی ئوردن، بەحرێن و کوێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سەقامگیریی وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ بەشێکی گرنگی سەقامگیریی عێراق و ئاسایشی نیشتمانییەتی، کە پێویست دەکات پارێزگاریی لە پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بکرێت.
ئەو هێرشانە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە مووشەک و درۆن کرانە سەر ئوردن، کوێت و بەحرێن، ئەو سێ وڵاتە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانیی دەربڕیوە لەوەی بارگرژی لە ناوچەکە دەستی پێکردووەتەوە و پێشهاتى مەترسیداری لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی دەبێت.
ئەو هێرشانە هاوکات بوون لەگەڵ هێرشی سوپای ئەمریکا بۆ سەر چەند پێگەیەکی جیاوازی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
.jpg&w=3840&q=75)