رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی خەدەمات بە فەرمی پەیوەندی لەگەڵ کەتیبەکانی ئیمام عەلی لە نێو حەشدی شەعبی پچڕاند، ئەمەش لە چوارچێوەی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت.
ئەو هاوپەیمانییەتییە کە باڵی سیاسیی کەتیبەکانی ئیمام عەلییە، لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە "ئاڵای جیهادی" خۆیان رادەستی لیوای 40ی ئەو گرووپە کردووە کە بەشێکن لە دەستەی حەشدی شەعبی، وەک ئاماژەیەک بۆ پچڕانی پەیوەندییەکەیان.
شبل زەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانییەتییەکە رایگەیاند، پێویستە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێز بکرێن و سوپایەکی بەهێز بونیاد بنرێت کە بتوانێت وڵات بپارێزێت و پارێزگاری لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی بکات.
هاوپەیمانیی خەدەمات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2025 لە شەش پارێزگای عێراق 10 کورسیی بەدەستهێنا.
شبل زەیدی رایگەیاند، ئەم قۆناخە پێویستی بەوەیە لە مەیدانی رووبەڕووبوونەوە هەنگاو بنرێت بۆ بونیاتنانی نیشتمان.
پچڕانی پەیوەندی لەلایەن سیاسییەکان لە گرووپە چەکدارییەکانیان لە نێو حەشدی شەعبی، بەشێکە لە پرۆسەی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت، کە بەگوێرەی یاسای دەستەکە نابێت چەکدارەکانیان کاری سیاسی بکەن.
کەتیبەکانی ئیمام عەلی یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو گرووپەیە کە بە "مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق" خۆیان دەناسێنن و لیوای 40 یان لە نێو دەستەی حەشدی شەعبیدا هەیە.
.jpg&w=3840&q=75)