رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری نەینەوا دەڵێ، جووتیارانی ناوچەی مادەی 140 لە سنووری پارێزگاکە بێ کێشە گەنمەکانیان لێ وەردەگیرێ.
غەزوان داودی، جێگری پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "جووتیارانی ناوچەکانی مادەی 140 لە سنووری پارێزگای نەینەوا کێشەیان لە رادەستکردنی گەنمەکانیان نییە و دەتوانن لە سایلۆکانی رۆڤیا، شێخان و مەخموور گەنمەکانیان رادەست بکەن."
لە 9ی حوزەیرانی 2026 وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی نەینەوا دەستیپێکرد، دوای ئەوەی لە رێگەی بەئەلیکترۆنی رۆژی رادەستکردنی گەنمەکەیان دیاری دەکرێ.
جێگری پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوە کرد: "تەنیا کێشە لە ناوچەکانی تەلسقۆف و منارەت عەدەس هەیە، کە زەوییەکانیان دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سوپا و خۆیان ماڵیان لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەیە".
غەزوان داودی گوتیشی: "تەواوی هەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی کێشەی ئەوانیش چارەسەر بکەین. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هاتووەتە نێو بابەتەکە و چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر بکرێ؛ بەڵێن دراوە چارەسەر بێت بۆ ئەوەی ئەوانیش گەنمەکەیان هاوشێوەی تەواوی ناوچەکانی نەینەوا رادەست بکەن".
نەینەوا ساڵانە زۆرترین بەرهەمی گەنمی لەسەر ئاستی عێراق هەیە. لە کۆی حەوت ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی، ئەم ساڵ چوار ملیۆن دۆنمی بە گەنم چێنراوە. لەو چوار ملیۆن دۆنمە، گەنمی 600 هەزار دۆنمی وەردەگیرێ کە لە پلانی کشتوکاڵیدایە؛ بڕیاری وەرگرتنەکە گەنمى ئەو زەویانە ناگرێتەوە کە دێمن و تاوەکو ئێستاش چارەسەری کێشەی وەرنەگرتنی گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی نەکراوە.
بۆ ئەم ساڵ زیاتر لە چوار ملیۆن دۆنم زەوی لەنێو پلانی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە بۆ چاندنى گەنم کە هەر تۆنێکی بە 750 هەزار دینار وەردەگیرێ. لە هەندێک پارێزگاى عێراق گەنمی دەرەوەی پلانەکە بە 500 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێ.
