رووداو دیجیتاڵ هەردوو دەزگای کوالێتیی کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتن بۆ یەکخستنی رێکارەکانی پشکنین و کوالێتیی کۆنترۆڵ لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە. رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، دەزگای ناوەندیی کوالێتیی کۆنترۆڵی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتیی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا رێککەوتوون لەسەر بەهێزکردنی چاودێری و یەکخستنی پشکنین و کوالێتیی جۆری لە رێگەی سیستمی ئەسیکوداوە لە دەروازە سنوورییەکان، بۆ ئەوەی کارەکان رێکبخرێنەوە و زانیاری لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ بکەن. یەکێک لەو رێکارانەی کە حکومەتی فیدراڵی لەنێو سیستمی ئەسیکۆدا پەیڕەوی دەکات بۆ هاوردەکردنی کاڵا، ئەوەیە کە هاوتا بێت لەگەڵ ئەو مەرج و تایبەتمەندییانەی کە دەزگای ناوەندیی کوالێتیی کۆنترۆڵ لە عێراق دیاریکردووە بۆ کاڵاکان. دەزگاکەی عێراق رایگەیاندووە کە هەردوولا رێککەوتوون پشت بە ئەنجامی ئەو پشکنینانە ببەستن کە لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، بە گوێرەی بڕیارە حکومییە کار پێکراوەکان و میکانیزمێکی هاوبەش دابنرێت بۆ ئەوەی زانیارییەکانی پشکنین بخەنە نێو سیستمی ئەسیکۆداوە، تاوەکو لە رێگەیەوە چاودێری لەسەر کاڵاکان بەهێزتر بکرێت و گەرەنتیی ئەوە بکرێت کە ئەو کاڵایانە هاوتای تایبەتمەندییە پەسەندکراوەکانن. پێنجشەممە، هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لێکتێگەیشتنێکی 16 خاڵییان واژۆ کرد بۆ ئەوەی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، کە سیستمێکی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی زانیاریی بازرگانییە. دەزگای ناوەندیی کوالێتیی کۆنترۆڵ لە عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسی گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ یەکخستنی رێکارە تەکنیکی و چاودێرییەکان و پشتیوانیی بازرگانی و بەهێزکردنی پاراستنی بەکاربەر لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانەوە.