رووداو دیجیتاڵ
چوار کەس لە پارێزگاى بەسرە دەستگیرکران، کە بەڵگەنامەکانى بریکارنامەى دادنوسیان پێ بووە بۆ گواستنەوەى خاوەندارێتى خانوویەک. خاوەنى خانووەکە شەش ساڵە لەسەر جێگەیە و پەکى کەوتووە، گوایە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەژى و بریکارنامەى بۆ کردوونەتەوە.
هەینى 19ى حوزەیرانى 2026، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریى ئەو دۆسیەیەى بڵاوکردەوە.
دەستەکە رایگەیاندووە، چوار تۆمەتبار دەستگیرکراون و بەڵگەنامە و بریکارنامەیان پێ بووە، کە لە دادنووسی قەزاى مەدائین لە پارێزگاى بەسرە دەرچووە، بۆ ئەوەى رێکارەکانى گواستنەوەى خاوەندارێتى خانووى هاووڵاتییەک بکەن، کە لە ساڵى 2020 ەوە پەککەوتەیە و لەسەر جێگایە، ئەوەیان قۆستووەتەوە بۆ ئەوەى بریکارنامەى بۆ بکەن.
لە کاتى لێکۆڵینەوە لەو چوار کەسە، دانیان بەوەدا ناوە کە ویستوویانە بریکارنامەى گواستنەوەى خانووەکەیان بۆ بکرێت، بانگەشەى ئەوەشیان کردووە کە خاوەنى خانووەکە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەژى و بریکارنامەى بۆ کردوونەتەوە.
دەستەى دەسپاکیى عێراق رایگەیاندووە، نرخى خەمڵێنراوى ئەو خانووەى چوار کەسەکە ویستوویانە خاوەندارێتییەکەى بگۆڕن 250 ملیۆن دینارە.
.jpg&w=3840&q=75)