رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق دەڵێ، بەهۆی بەرزیی تێچووی بەرهەمهێنان و کڕینی گەنمەوە لە جووتیاران، ناتوانن گەنمی عێراق هەناردە بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "بۆ ئەم ساڵ تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێ."
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق، رۆژی شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پلانی وەرگرتنی گەنم لەلایەن وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان دادەڕێژرێ و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند دەکرێ؛ گوتیشی: "بۆ هەرێمی کوردستان بڕی 400 هەزار تۆن گەنم بڕیاری لێدراوە و هەر ئەو بڕەش لە جووتیاران وەردەگیرێ."
لە وەڵامی ئەوەی بەوەی بۆچی عێراق وەک رووسیا نابێتە هەناردەکارێکی گەورەی گەنم، حەیدەر گەرعاوی گوتی: "تێچووی گەنم بۆ ئێمە زۆر بەرزە، چونکە پاڵپشتییەکی گەورەی دەوڵەت بۆ جووتیار هەیە. ئێمە هەر تۆنێک گەنم بە 700 هەزار دینار لە جووتیار وەردەگرین، لە کاتێکدا لە بازاڕە جیهانییەکاندا تەنیا بە 400 هەزار دینارە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانەوێڵە، ئەو جیاوازییە گەورەیەی نرخ کە دەگاتە 300 هەزار دینار لە هەر تۆنێک وایکردووە گەنمی عێراق لە بازاڕە جیهانییەکاندا کڕیاری نەبێت، چونکە هیچ وڵاتێک ئامادە نییە بەو نرخە بەرزە گەنم لە عێراق بکڕێ.
پێویستیی نێوخۆیی و بەشەخۆراکی مانگانە
حەیدەر گەرعاوی دەڵێ:"ئەو گەنمەی لە جووتیاران وەردەگیرێ، رادەستی ئاشەکان دەکرێ بۆ بەرهەمهێنانی ئارد و دابەشکردنی لە چوارچێوەی بەشەخۆراکی مانگانەدا"؛ راشیگەیاند: "عێراق ساڵانە پێویستی بە 4 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنمە تاوەکو بتوانێت مانگانە 420 هەزار تۆن ئارد بۆ 10پشکی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان دابین بکات."
لەبارەی پارەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانەوێڵە ئاشکرای کرد کە شایستەکان یەک لە دوای یەک خەرج دەکرێن و ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا عێراق خاوەنی گەنجینەیەکی ستراتیژیی باشی گەنمە و بەپێی ئەو بڕەی بۆیان دیاریکراوە، بەردەوامن لە وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران.
