رووداو دیجیتاڵ
ئەو پێگەیەی کە کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری ریال مەدرید تێیدا یاری دەکات، لە ساڵانی دواییدا بووەتە جێگەی مشتومڕێکی زۆر، بەڵام لە مۆندیالدا سوپرایزێک سەبارەت بە پێگەی ئەو ئەستێرەیە لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا هەیە و بەهۆیەوە حوسمان دێمبێلێی خاوەنی باڵۆندۆر پەرێشانە.
ئێمباپێ لە وەرزی کۆتایی خۆی لەگەڵ پاریس سانجێرمان و لە کاتی گەیشتنی بۆ ریال مەدرید، لە پێگەی هێرشبەری سەرەڕم یاری کردووە، لە کاتێکدا لووتکەی درەوشانەوەی کاتێک بوو کە وەک باڵی چەپ یاری دەکرد.
بەپێی راپۆرتێکی رادیۆی مۆنتیی کارلۆی فەرەنسی، مشتومڕەکان سەبارەت بە پێگەی ئێمباپێ ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دووبارە دەبنەوە، هەروەک چۆن لەگەڵ یاریزانەکە لە پاریس و ریال مەدرید روویدا.
لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە دوای وازهێنانی نێودەوڵەتی ئۆلیڤیێ ژیرۆ، گۆڵکاری مێژوویی فەرەنسا دوای یۆرۆی 2024، ئێمباپێ سەرکردایەتی هێڵی هێرشبەری گرتە ئەستۆ.
هەروەها روونیکردووەتەوە کە پێگەی ئێمباپێ بەرامبەر سەنیگال پێش یاریی کردنەوەی کەڵەشێرەکان لە رۆژی سێشەممە، بووەتە باسی گەرمی کات لە فەرەنسا.
مۆنتی کارلۆ ئاشکرای کردووە کە ئێمباپێ داوای کردووە لەگەڵ فەرەنسا لە لای چەپی هێڵی هێرشبەر یاری بکات، سەرەڕای ئەوەش، دیدێ دیشامی راهێنەر پێداگری دەکات لەسەر بەردەوامبوون لە یاریپێکردنی هێرشبەرەکەی ریال مەدرید لە قووڵایی یاریگادا.
باسی لەوەش کردووە کە عوسمان دیمبێلێ لە قووڵایی هێرشبەریدا لەگەڵ پاریس سانجێرمان درەوشایەوە، بەڵام ئێستا پەرێشانە و هیواکانی بۆ یاریکردن لەم پێگەیە لەگەڵ فەرەنسا لەناوچوون بەهۆی هەبوونی ئێمباپێی کاپتنەوە.
