رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی 2026 ئەنجامدەدات و ئەستێرەیەکی کورد سەرکردایەتیی هێڵی پێشەوەی هەڵبژاردەکە دەکات.
ئەڵمانیا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی پێنجەمدا، بەرامبەر هەڵبژاردەی کوراساو یاریی دەکات و یارییەکەیان لە یاریگای ئێن ئار جی لە هۆستن بەڕێوەدەچێت کە نزیکەی 72 هەزار دەتوانن لە یاریگاکەدا سەیری یارییەکان بکەن.
ئەڵمانیا رۆژی شەممە دوایین مەشقەکانی لە نۆرس کارۆلینا بۆ یارییەکە ئەنجامدا، تیپەکەی یولیان نایگێلسمان، بەتەواوی بۆ رووبەڕوبوونەوەی یەکەمیان لە مۆندیالدا ئامادەیە.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کورد و خەڵکی رووهای باکووری کوردستان، یەکێک لە دیارترین هێرشبەرەکانی هەڵبژاردەکەیە و لەو کاتەوەی بانگهێشتی هەڵبژاردەکە دەکرێت رۆڵێکی گرنگی بینیووە لە یارییەکانی تیپەکەدا و بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە.
ئەڵمانیای خاوەنی 4 نازناوی مۆندیال، لە دوو مۆندیالی رابردوودا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا کرایە دەرەوە و دەیەوێت ئەنجامێکی باشتری لەو دوو مۆندیالە هەبێت.
یولیان نایگێلسمان، راهێنەری ئەڵمانیا لەبارەی یارییەکەوە گوتی "کوراساو تیێکە پاڵێوراو نییە لە پاڵەوانێتییەکەدا. ئێمە باسی 'داود و جۆلیات' دەبیستین و ئەمە لە تۆپی پێدا زۆر دەبینین. ئەوان تیپێکن کە یەکەم مۆندیالیانە، بەڵام هێشتا دەتوانن ئاستێکی بەرز نیشان بدەن. تیپێکە یاری زۆری ئەنجامداوە؛ ٪90ـی پێکهاتەکە پێشتر لە شوێنێکی هۆڵەندا یارییان کردووە. یەکێتی تۆپی پێی هۆڵەندا بە پەروەردە و راهێنانەکانیان زۆر ناسراون. یاریزانی باشی زۆریان هەیە، بۆیە دەبێت کوالێتی راهێنانەکانیان بەرز بێت. دەتوانن ئاستێکی جەستەیی و تەکنیکی زۆر باشیان هەبێت. ئەوەش هەمیشە رکابەرییەکە زەحمەتتر دەکات".
