رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەنجامدانی یەکەم یارییان لە مۆندیالی 2026، کێشەیەکی دیکە بۆ هەڵبژاردەی ئێران دروستبوو و جارێکی دیکە کاپتنی هەڵبژاردەکە لە فرۆکەخانە راگیرا و ڤیزاکەی بەسەرچوو.
لە دوای ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر نیوزیلەندا، هەڵبژاردەی ئێران ویستی لە فرۆکەخانەی لۆس ئانجلێسەوە بگەڕێتەوە تیخوانای مەکسیک، بەڵام کاتێک دەگەنە فرۆکەخانە بۆ چێک کردنی پاسپۆرتی شاندی هەڵبژاردەکە، جاریکی دیکە مەهدی تارمی، کاپتنی هەڵبژاردەکە و سەعید ئەلهوویی راگیران.
بەپێی راگەیێنراوێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، مەهدی تارمی، دوای تەنیا یەکجار چوونە ژوورەوە بۆ نێو خاکی ئەمریکا ڤیزاکەی بەسەرچوو، لەکاتێکدا کە ڤیزا بۆ شاندی هەڵبژاردەی ئێران وەرگیراوە، ڤیزای (Multiple Entry) بە هەمووان دراوە، واتە چوونە ژوورەوە بۆ چەندجارێک، بەڵام دوای تەنیا یەکجار ڤیزای تارمی بەسەرچوو.
تارمی لە فرۆکەخانە بۆ ماوەیەکی زۆر راگیراوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڤیزا بۆ ئەو یاریزانە دەربکەنەوە، بەتایبەت کە دوو یاریی داهاتووشیان هەر لە ئەمریکایە و تیپەکە پێویستی بەو یاریزانەیە.
شاندی هەڵبژاردەکە چوونەتە نێو فڕۆکە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بەڵام تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە رێگە بە چوونە دەرەوەی مەهدی تارمی و سەعید ئەلهوویی نەدراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوای یارییەکەیان بەرامبەر نیوزیلەندا، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان چووە ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەی ئێران و پێیگوتن، هاتنی ئێوە بۆ مۆندیال پەیامێکی زۆر گرنگ بوو بۆ هەموو جیهان و سوپاسی هاتنتان دەکەم.
