رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی نەرویج بە هێز و متمانەیەکی زۆرەوە دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی مۆندیال و لە دوای 28 ساڵ جارێکی دیکە بەشداری لە جامی جیهاندا دەکات.
نەرویج بە سەرکردایەتیی ئێرلینگ هالاند و مارتن ئۆدیگارد، خاوەنی پێکهاتەیەکی بەهێزە و ئامادەن بۆ ئەنجامدانی یەکەم یارییان لە مۆندیالدا و رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی عێراق.
سوورپۆشەکانی نەرویج، لە پاڵاوتنەکانی ئەورووپادا لە کۆمەڵەیەکدا یاریی دەکرد کە ئیتاڵیای تێدابوو و هەر هەشت یارییەکەی لە پاڵاوتنەکاندا بردەوە و راستەوخۆ گەیشتە مۆندیال، ئەوان دەیانەوێت ئەنجامە باشەکانیان لە مۆندیالدا بە بردنەوە لە عێراق درێژە پێبدەن.
دوایینجار کە نەرویج لە مۆندیالدا یارییکرد، لە 1998 بوو، ئەو کاتە ستال سۆلباکن بەشێک بوو لە تیپی هەڵبژاردەکە و گەیشتنە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە، ئێستا ستال راهێنەری هەڵبژاردەکەیە و دەیەوێت سەرکردایەتیی تیپەکە بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش.
ستال سۆلباکن، راهێنەری هەڵبژاردەی نەرویج پێش یارییەکەیان بەرامبەر عێراق، ستایشی هەڵبژاردە رکابەرەکەیان دەکات و دەڵێت "عێراق هەڵبژاردەیەکی زۆر زۆر رێکخراوە. مەودای نێوان یاریزانەکانیان لە نێوان هێڵەکاندا کەمە، چ لە چوارینەی هێڵی بەرگری و چ لە چوارینەی هێڵی ناوەڕاستدا. ئەوان دوو هێرشبەری بەهێزیان لە رووی جەستەییەوە لە پێشەوە هەیە. پێم وایە ئەوان لە 'کڕۆس' و تۆپە بەرزەکاندا باشن، چونکە ناوچەی سزای تیپی بەرامبەر بە یاریزانە باڵابەرزەکانیان پڕ دەکەنەوە، بێگومان خاوەن عەقڵیەتێکی بەهێزن و کارێکی گەورە دەکەن."
سۆلباکن زیاتر لەبارەی یارییکردنی هالاندەوە گوتی "هیوادارم هالاند کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەبێت. ئەو گۆڵکاری ئێمەیە، پێم وایە باشترین گۆڵکاری جیهانە و لە رووی جەستەییشەوە تەواو ئامادەیە. لە کۆتایی وەرزدا کەمێک پشووی پێدرا؛ یەک یاری لەلایەن مانچێستەر سیتی و یەک یاریش لەلایەن منەوە. پێم وایە لە کاتی مەشق و راهێنانەکانمان لەم کەمپە کورتەدا، ئاستی بەرەبەرە باشتر و باشتر بووە."
