رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی فەرەنسا، کاروانەکەی لە مۆندیالدا بە یارییەکی بەهێز دەستپێدەکات و لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەرامبەر سەنیگال یاریی دەکات.
کاژێر 22:00 هەردوو هەڵبژاردە یەکەم یارییان لە مۆندیالدا ئەنجامدەدەن و فەرەنسا بەسەرکردایەتیی کیلیان ئێمباپێ، چەند رۆژێکە لە ئەمریکا خۆی بۆ یارییەکانی مۆندیال ئامادەدەکات و تیپەکە بە تەواوی بۆ ئەم رووبەڕووبوونەوە بەهێزە ئامادەیە و دەیەوێت یەکەم سێ خاڵ لە رکابەرییەکەدا بباتەوە.
فەرەنسا، لە دوو مۆندیالی رابردوودا بەسەریەکەوە گەیشتووەتە یاریی کۆتایی، ئەوان 17 جار بەشدارییان لە مۆندیالدا کردووە و خاوەنی دوو نازناوی مێژوویین لە 1998 و 2018، تاکە هەڵبژاردەن لە 1998ـەوە چوار گەیشتبنە یاریی کۆتایی مۆندیال.
پێکهاتەی ئێستای فەرەنسا، پڕە لە ئەستێرەی دیار، کیلیان ئێمباپێ، عوسمان دێمبێلێ، مایکل ئۆلیسێ، دێزری دۆوێ و چەندین ئەستێرەی دیکە، سەرکردایەتیی ئەو تیپە دەکەن.
ئەم مۆندیالە دوایین ئەرکی دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەکەیە و پێشتر رایگەیاندووە، دوای مۆندیال واز لە راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەکە دەهێنێت، بۆیە دەیەوێت پێش رۆیشتن جارێکی دیکە کەڵەشێرەکان بباتەوە یاریی کۆتایی و ئەمجارە بیکاتە پاڵەوان.
فەرەنسا بیرەوەریی خۆشی لەگەڵ سەنیگال نییە، ساڵی 2002 لە مۆندیالدا بەرامبەر تیرانگا یارییکرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر تووشی دۆڕانێکی چاوەڕواننەکراو بوو، ئەو کاتە فەرەنسا هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا کرایە دەرەوە.
دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا لەبارەی هەڵبژاردەی سەنیگالەوە دەڵێت "سەنیگال لە ریزی باشترین تیپەکانی ئەفریقا و جیهاندایە. بۆ ئەوەی لەو ئاستەدا بیت، دەبێت هەموو جۆرە کوالێتییەکت هەبێت. بێگومان ئەوان یاریزانیان لە یانە گەورەکاندا هەیە. توانایەکی زۆری هێرشبەرییان هەیە، هێڵێکی ناوەڕاستیان هەیە کە زۆر بە باشی کار دەکات. هێڵی بەرگرییان لە دواین پاڵەوانێتییاندا زۆر کاریگەر بوو، خاوەن توانایەکی جەستەیی زۆرن، بەڵام تەنیا ئەوە نییە؛ یاریزانی زۆریان هەیە کە کارامەیی تەکنیکی و ئەزموونێکی زۆر دەهێننە ناو یاریگا. بۆیە، کاتێک لە ریزی باشترین تیپەکاندایت، هەموو شتێکت هەیە. ئێمە دەزانین چی چاوەڕێمان دەکات، ئەوانیش دەزانن. لە کۆتاییدا، ئەمە دەبێتە رووبەڕووبوونەوەیەک لە ئاستێکی زۆر بەرزدا."
هەڵبژاردەی سەنیگال بۆ یەکەم دەرکەوتنی لە مۆندیالدا ئامادەیە و دەیەوێت بەرامبەر فەرەنسا بە ئاستێکی بەرز و ئەنجامێکی ئەرێنییەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی مۆندیال.
سەنیگال بە سەرکردایەتیی سادیۆ مانێ، دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی بەرامبەر فەرەنسا لە نیوجێرسی ئەنجامدا و تیپەکە بۆ رکابەرییەکی سەرنجڕاکێشی جیهانی ئامادەیە.
هەڵبژاردەکە خاوەنی پێکهاتەیەکی بەهێزە و یەکێک لە دیارترین هەڵبژاردەی کیشوەری ئەفریقایە، چاوی لەوەیە لە یەکەم یارییدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، هەرچەند ئەرکیان ئاسان نییە.
سەنیگال چوارجار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، دوایین لە سێ مۆندیالی رابردوو بووە، هەڵبژاردەکە لە مۆندیالی 2002 باشترین ئەنجامی بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی هەشت، ئەو کاتە هەڵبژاردەکە سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا بەدەستهێنا.
سادیۆ مانێ، ئێدوارد مێندی، خالیدۆ کۆلیبالی، ئیسماعیلا سار و نیکۆلاس جاکسۆن دیارترین ئەستێرەکانی هەڵبژاردەکەن و لە یانە دیارەکانی ئەورووپا و سعودیە یاریی دەکەن.
