رووداو دیجیتاڵ
بە گەیشتنەوەی دوایین کاروان لە سعودیەوە، ئەمڕۆ گەڕانەوەی حاجییانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێ.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەی حاجییان لە فڕۆکەخانەی مەدینەوە بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوتن.
بە گوتەی کاروان ستوونی، فرۆکەکە کاژێر 7:00ـی بەیانی لە مەدینە فڕیوە و کاژێر 9:30ـی دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
رۆژی 4ـی حوزەیران یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە هەزار و 27 کەس بوون، بە 7 فڕۆکە گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. بەپێی ئەو خشتەی دانرابوو، پێویست بوو تاوەکو ئەمڕۆ تەواوی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێرەوە بگەڕێنەوە.
ئەم ساڵ لە 7ـی ئایار یەکەم کاروانی حاجییان لە هەرێمی کوردستانەوە لە هەولێرەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن، تاوەکو 17ـی ئایار سەرجەم حاجییان گەیشتنە سعودیە.
ئەم ساڵ 5120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونە سعودیە.
