رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیەی نەوت، داهاتی نێوخۆ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەکرێن.
بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، سێ تەوەرەی سەرەکی باس دەکرێن. تەوەری یەکەم تایبەتە بە پێشنیازی پێکهێنانی دەستەیەکی باڵای وەزاریی هەمیشەیی بۆ هاوئاهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا بە مەبەستی چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دوایین ئەنجامەکانی دۆسیەی نەوت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی رابردووی هەردوولا لەو بارەیەوە دەخرێنەڕوو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە داهاتی نێوخۆ و سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان دەکرێ، لەگەڵ پێشاندانی خشتەی داهات و کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچەکە لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ.
