رووداو دیجیتاڵ
کاردانەوە و هاوخەمییەکان بۆ گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا بەردەوامن.
ژمارەیەک لە لایەن و کەسایەتییە سیاسی و رۆشنبیرییەکان لە پەیامەکانیاندا، هەڵکەوت عەزیز بە "رۆژنامەنووسێکی نیشتمانپەروەر" و "خزمەتکارێکی دڵسۆزی میدیای کوردستانی" ناودەبەن.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ، لە پەیامێکدا هاوخەمی خۆی بۆ کۆچی ئەو رۆژنامەڤانەی رووداو دەربڕیوە و دەڵێ: "کۆچی دوایی رۆژنامەنووسی زیرەک، لێهاتوو و نیشتمانپەروەر کاک هەلکەوت عەزیز، لە دڵەوە خەمباری کردین و کۆچی ئەو ئێمەی تاساند."
عارف باوەجانی، سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان لە پەیامێکی هاوخەمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەواڵی کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز "ملیۆنان کوردی خەمبار کردووە."
عارف باوەجانی دەڵێ: "نیشانەی نەتەوەییبوونی کاک هەڵکەوت لە رێگەی مۆبایلەکەی دەستییەوە بوو، کە لە نێوجەرگەی پایتەختی عێراقدا بە وێنەی پێشەوا قازی محەممەد و نەخشەی کوردستان رازاوەتەوە."
هەروەها سەنتەری کۆماتە بۆ دۆکیومێنتکردنی مێژووی شۆڕش، لە پەیامێکی هاوخەمیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵکەوت عەزیز کەسایەتییەکی دیار و خزمەتکارێکی دڵسۆزی راگەیاندنی کوردستانی بوو و "شوێنپەنجەی لە کارەکانیدا گەلێک دیار بوو؛ لەدەستدانی ئەو زیانێکی گەورەیە بۆ هەموو لایەک."
هەژار برنجی، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا، لە پەیامێکدا بۆ ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو، هاوخەمی خۆی دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "هەواڵی کۆچی دوایی کاک هەڵکەوت عەزیز، کۆستێکی جەرگبڕ بوو بۆ هەموومان، بەتایبەت بۆ بنەماڵەی بەڕێزیان و هەموو رووداو."
فەرهاد ئەنوەر شاهین، ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی گەلی سووریا لە کۆبانێ، لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتیی رووداوی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە "لەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز خەسارەتێکە بۆ میدیای کوردستانی، بەهۆی ئەو ئامادەییە پیشەیی و هەوڵە میدیاییانەی لە ماوەی کارکردنیدا نیشانی دان."
دوای ئەوەی لە رێگەی بەغدا - بەسرە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، دوا نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 8-6-2026 هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
