رووداو دیجیتاڵ
دایکی لاناز، کچی کوردۆی شاعیر، وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە بێکەسیی نەوەکەی دەکەن و رادەگەیێنێت، نەوەکەی خاوەنی هەیە و لای خێزانەکەی خۆیان گەورە دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی حوزیرانی 2026، بەناز حەمەئەحمەد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خەڵک کۆمەڵێک قسەی بێبنەما و ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە کە هیچ بنەمایەکیان نییە. لاناز مامی هەیە، خاڵی هەیە، برا و خوشک و دایک و پووری هەیە. 2 رۆژە پرسەمان داناوە و بە سەدان کەس هاتوون، چۆن دەگوترێت کچەکەی بێ کەسە؟"
دایکی لاناز باسی لەوەکرد، کە کچەکەی و نەوەکەشی هەر لای ئەو ژیاون و گوتی: "ئەو ئۆتۆمبێلەی رووداوەکەشی پێ روویدا هی من بوو، کچەکەم هەمیشە لای من بووە. تەنیا لەبەر پرسەکە، باوکی یارناز (نەوەکەم) بۆ 2 رۆژ بردوویەتییە لای خۆی، تاوەکو نەترسێت، ئەگەرنا لای ئێمە ژیاوە باوکیشی رۆژانە هاتووە و بینیویەتی. دوای پرسەکەش یان لای من یان لای باوکی بەخێو دەکرێت."
ئەم وەڵامەی دایکی لاناز دوای ئەوە دێت کە دوێنێ، نیگار محەممەد، مامۆستا و راهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی لە رێگەی رووداوەوە داوای کردبوو کچەکەی لاناز بدەنە ئەو، چونکە 26 ساڵە هاوژینی هەیە و منداڵیان نییە، بەڵێنی دابوو "وەک چاوی خۆی" ئاگای لێی بێت.
لەبارەی رێکارە یاساییەکان، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رووداوی راگەیاند: "دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین چارەنووسی ئەو منداڵە چی دەبێت. ئەگەر باوکی بیباتە لای خۆی، کەس ناتوانێت وەری بگرێت، چونکە باوک لە هەموو کەسێک لەپێشتر و نزیکترە لە منداڵەکەی."
بەرەبەیانی 9ی حوزەیرانی 2026، لاناز کچی کوردۆی شاعیر کە تەمەنی 22 ساڵ بوو، لە ژێر پردی نزیک نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە گیانی لەدەستدا و کچێکی 4 ساڵانی بە ناوی یارناز لەدوای خۆی بەجێهێشت. لاناز پێشتر لە هاوژینەکەی جیابووەوە.
