رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان داوا لە حاجیان دەکات قوربانییەکانیان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەوەش لەپێناو سوودمەندبوونی هەژارانی ناوخۆ و بووژانەوەی بازاڕی کوردستان.
رۆژی سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو حاجیانەی ئێستا لە سعودیەن، وا باشترە لێرە قوربانی بکەن. دەتوانن دایک، باوک، برا یان هەر کەسێکی دیکە بکەنە وەکیلی خۆیان بۆ قوربانییەکە، تاوەکو خەڵکی هەژاری خۆمان سوودمەند بن و بازاڕی کوردستانیش ببوژێتەوە."
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان جیاوازیی نێوان "فیدیە" و "قوربانی" روون کردەوە و گوتی: "فیدیە دەبێت هەر لە کاتی حەجدا و لەوێ بکرێت، بەڵام قوربانیی ئاسایی باشتریشە لە کوردستان بکرێت، بۆیە داوا لە حاجیان دەکەین لێرە قوربانییەکەیان بکەن."
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ساڵ رێکلامێک بڵاوبووەتەوە گوایە قوربانییەکان ببرێنە دەرەوە وەک وڵاتانی ئەفریقا بۆ ئەوەی هەژارانی ئەوێ سوودمەند بن، بەڵام ئەو دەڵێت: "پێشینە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستانە، نەک وڵاتانی دیکە."
زیاتر لە 5 هەزار حاجی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە سعودیەن.
دادگەی باڵای سعودیە راگەیاندووە، بەپێی بەڵگە شەرعییەکان، رۆژی چوارشەممە، 27ی ئایاری 2026، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.
