رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026، قەبارەی هەناردەکردنی 21 پارێزگای ئەو وڵاتە لە 1 ملیار دۆلار تێپەڕیووە، لە 40 پارێزگاشدا بەرزبوونەوە لە رێژەی هەناردەکردندا تۆمارکراوە.
بەپێی داتا فەرمییەکانی وەزارەتەکە بۆ مانگی ئایار، شاری ئیستەنبووڵ بە 4 ملیار و 495 ملیۆن دۆلار لە پلەی یەکەمی ئەو پارێزگایانەدا هاتووە کە زۆرترین هەناردەکردنیان هەبووە، سەرەڕای ئەوەی رێژەی هەناردەکردنی بەراورد بە هەمان مانگی پار 13.7% کەمی کردووە. دوای ئەو، شاری کۆجائێلی بە 3 ملیار و 60 ملیۆن دۆلار (15.6% کەمبوونەوە) لە پلەی دووەم و شاری ئزمیر بە 2 ملیار و 79 ملیۆن دۆلار (1%زیادبوون) لە پلەی سێیەمدا هاتووە.
لە کاتێکدا ئەستەنبووڵ زۆرترین هەناردەی بۆ ئەمریکا کردووە، کە بەهاکەی دەگاتە 452 ملیۆن دۆلار. کۆجائێلی زۆرترین هەناردەی بۆ ئەڵمانیا لە کەرتی ئۆتۆمبێل و ئیزمیر زۆرترین هەناردەی بۆ ئیسپانیا لە کەرتی سووتەمەنی و رۆنە کانزاییەکان هەبووە.
هەروەها لە مانگی ئایاردا، ئەنقەرە بە زیادکردنی 300 ملیۆن دۆلار، لە پلەی یەکەمی ئەو شارانەدا هاتووە کە زۆرترین گەشەیان لە قەبارەی هەناردەکردندا بەدەستهێناوە و دوای ئەویش شارەکانی عوسمانییە بە 29 ملیۆن دۆلار و شرنەخ لە باکووری کوردستان بە 26 ملیۆن دۆلار هاتوون.
بەم جۆرەش تێکڕای هەناردەکردنی تورکیا لە پێنج مانگی ئەم ساڵدا گەیشتە 111 ملیار 169 ملیۆن دۆلار.
ئابووریی تورکیا لە ساڵی 2026 بە تووندی پشت بە ستراتیژیی گەشەپێدان لە رێگەی هەناردەکردنەوە (Export-led growth) دەبەستێت، تاوەکو بتوانێت کورتھێنانی بەردەوامی بازرگانی و گۆڕانکارییەکانی بەهای لیرە هاوسەنگ بکاتەوە.
زیادبوونی ژمارەی ئەو پارێزگایانەی کە هەناردەکردنیان لە ملیارێک دۆلار تێپەڕیوە بۆ 21 پارێزگا، نیشانەی بڵاوبوونەوەی ناوەندەکانی پیشەسازییە لە دەرەوەی جەمسەرە تەقلیدییەکانی وەک ئەستەنبووڵ و کۆجائێلی بۆ ناوچەکانی دیکەی ئەنادۆڵ و باکووری کوردستان، وەک شرنەخ و ئامەد کە بەهۆی بازرگانیی سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق گەشەی کردووە. ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییە لە کەرتی هەناردەکردندا، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی هێڵەکانی گواستنەوە و دۆزینەوەی بازاڕی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواو بە بازاڕەکانی یەکێتیی ئەورووپا.
.jpg&w=3840&q=75)