رووداو دیجیتاڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ گەلی وڵاتەکەی رایگەیاند، هەرچەندە ئەو لە بنەمادا رایەکی دیکەی هەبووە، بەڵام لەبەر خاتری ئەو دڵنیایی و پابەندییانەی سەرۆککۆمار پێی داوە، مۆڵەتی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکای داوە. موجتەبا خامنەیی، لە پەیامەکەیدا، کە رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوە کرد، گەیشتن بەم قۆناخــە دەرەنجامی هەوڵی بەرپرسانی ناوخۆ بووە، "لایەنی ئەمریکایی لە رووی ناچارییەوە پەنای بۆ هەموو جۆرە ئامراز و گوشارێک بردووە تاوەکو بگەنە ئەم لێکتێگەیشتنە." رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرای کرد، سەرۆککۆمار وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بەڵێنی پێ داوە کە مافەکانی گەلی ئێران و بەرەی مقاومە بپارێزێت. گوتیشی: "مۆڵەتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەم دا چونکە سەرۆککۆمار بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ گرت و جەختی کردەوە ئەگەر لایەنی ئەمریکایی بییەوێت داواکاریی زیادە بسەپێنێت، ملکەچ نابن." موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دا کە دانوستاندنــە راستەوخۆکانی داهاتوو "بە واتای قبووڵکردنی داواکارییەکانی دووژمن نییە" و گوتیشی: "ئێمە و گەلی سەربەرز چاوەڕێی بەدیهاتنی ئەو مەرجانە دەکەین کە لەسەری رێککەوتووین."