زۆرێک لە مێژوونووسانى کورد و ئەوانەشى لەسەر مێژووی رابردووی کوردیان نووسیوە، یەکێک لە هۆکارەکانى بە ژێردەستەیى مانەوەى کورد بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ، پەیوەست دەکەن بە ناتەبایى ناوخۆیی کورد خۆیەوە. ئەگەر ئەم بۆچوونە لە رابردوودا هەر بۆ ئەوە راست بووبێت کە بەهۆى ناتەبایى و ململانێى ناوخۆییەوە نەیانتوانیوە سەربەخۆیى بەدەستبهێنن، ئەزموونى باشوورى کوردستان پێمان دەڵێت، لە داهاتوودا ئەوەش تۆمار دەکرێت هەر کاتێک و لە هەر بستە خاکێکى کوردستان سەربەخۆیى بەدەستهاتبێت، بەهۆى ناتەبایی کورد خۆیەوە بوونەتەوە بە ژێردەستە.
جێى داخ و نیگەرانییەکى قووڵە کە بەهۆى رێزنەگرتن لەوەى بە خوێن و قوربانیدانى 100 ساڵى گەلەکەمان بەدەستمان هێناوە، خەریکە بەدەستى خۆمان زیندەبەچاڵى دەکەین. ئەزموونى حوکمى خۆبەڕێوەبەرى کورد لە باشوورى کوردستان، لەدواى دەوڵەتى ماد و رووخانى یەک لەدواى یەکى میرنشینەکانەوە، تەمەندرێژترین قۆناخى سەربەخۆیى کوردە لە پارچەیەکى بچووکى نیشتمان. سەربارى نەیاری و دووژمنایەتیی دەوڵەتانى داگیرکەر بۆ ئەو تاکە قەوارە کوردییە، بەڵام وا بەرەو چوار دەیەى تەمەنى هەنگاو دەنێت. لەبەر زۆر هۆکار کە دەتواندرێت بگوترێت هۆکارى ناکۆکى ناوخۆیى سەرەکیترینیان بووە، حوکمڕانییەکە پڕ لە خەوش و کەم و کوڕیى و نادادییە، بەڵام لەگەڵ بوونى کێماسى و عەیب و عارەکانیشى، بە هەموو پێوەر و بەهایەک، هێشتا ئەزموونى حوکمڕانیی کوردى و ژیان و ژیار لەو بستە خاکە ئازادە بەراورد بە چوار دەوڵەتى مۆتەکەى سەر کوردستان، هەرێمەکەى کورد لە زۆر رووەوە لە تاران و ئەنکەرا و دیمەشق و بەغدا باشترە. لەناو خودى عێراقیشدا هەر کام لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بکەین بە نموونە لە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق پێشکەوتووترە، بەڵام خۆمان قەدرى ئەو دەرفەت و ئاوەدانى و ئازادییە نازانین.
هیچ گومان لەوەدا نییە داگیرکەرانى کوردستان ئارەزووى مانەوەى ئەم ماڵۆچکەیەى کورد ناکەن، بۆیان بکرێت و بتوانن دەیانەوێ بەجۆریک لە بەینى بەرن بۆ هەمیشە چەکەرە نەکاتەوە، چونکە دەزانن بوونى ئەم قەوارە کوردییە چى قەڵایەکى قایمە بۆ پشتوپەناى بەشەکانى دیکەى کوردستان و دروستکردنى مەیلى خۆبەڕێوەبەریی کورد لەو بەشە داگیرکراوانەى کوردستان. چەندین دەزگا و دامەزراوەى تایبەتیان هەیە کار بۆ شێواندن و تێکدانى ئەم ماڵە هەژارە دەکەن، بەڵام هۆکارگەلى دیکەش زۆرن بۆ بەپێوە مانەوەى. ئێستا ئەوان کار لەسەر نەهێشتنى ئەو هۆکارانە دەکەن کە وەک پایەیەکى گرنگ کوردستانیان بە پێوە راگرتووە.
دۆخى ناوخۆى کوردستان و پشتیوانیی دەرەکى دوو کۆڵەکەى هێشتنەوەى هەرێمەکە بوون. لە دوو دەیەى رابردوودا دووژمنانى کورد کارى زۆریان لەسەر دۆخى ناوخۆییکرد، حیزب و سیاسیی کورد زەمینەى زیاتریان بۆ خۆشکرد و تاوەکو ئەندازەیەکى زۆر لەوەدا سەرکەوتووبوون کە ماڵى کوردى وەک ماڵێکى یەکگرتووى خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەش و ئامانجى هاوبەش نەمێنێتەوە. دەیانزانى لێکەوتەى ئەو شێواوییەى ناوخۆش وەک ئامرازێکى گرنگ ئاو دەکاتە ئاشى نەهێشتنى پشتیوانییە دەرەکییەکەوە. راستە لەلایەن داگیرکەرانى کوردستانەوە چەندین دامەزراوەى سیخوڕی و هەواڵگرى و میدیا و دارایى زەبەلاح تەرخانکراوە بۆ ئەو ئامانجە، بەڵام دەبێت ئەو راستییە ببینین ئامرازى بەجێگەیاندنەکەى کورد خۆیەتى. کورد لە برى دووژمنەکەى ئەو رۆڵە دەگێڕێت. دۆخێکیان دروستکردووە کە هێزە سیاسییەکان بخاتە ناو بارودۆخێکەوە کارەکتەرى سیاسیی کورد بەشێکیان بە ئاگایى و هەندێکیش بێئەوەى بەخۆى بزانێت ئەو نەخش و پلانە جێبەجێبکات کە دووژمنانى کورد دایانڕشتووە.
بیهێننە پێشچاوى خۆتان هەر یەک لە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا، چەند هەوڵ بدەن لە رێگەى دیپلۆماسییەوە بۆ ئەوەى وێناى هەرێمى کوردستان لەپێش چاوى نێردە نێودەوڵەتى و دیپلۆماسییەکانى دونیا ناشرین بکەن، نیوەى ئەوە کاریگەریى نابێت ئەگەر ئەوە لە رێگەى حیزب یان کارەکتەرێکى سیاسیی کورد خۆیەوە بکەن. ئێستا ئەوەیان کردووە، بەهۆى ئەو بارودۆخەى خوڵقاندوویانە حیزب و کارەکتەرە سیاسییەکانى کوردستان خەریکى ئەو کارەن.
لە سەردەمى ناکۆکیی قووڵى نێوان دوو بەرەى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان، ئێستاش بەهۆى ناکۆکى و ململانێى قووڵى دوو هێزە سەرەکییەکەى دەسەڵات، رەنگدانەوەى ئەم ناکۆکییانە لەسەر حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوە یاسایى و دەستوورییەکانى، ئامانجەکەیان پێکاوە و وێنایەکى زۆر خراپ لەسەر حوکمڕانیی کوردى دروست بووە.
لە هەردوو سەردەمەکەدا بێ درککردن بە لێکەوتە خراپەکانى بۆ سەر تاکە قەوارەکەى کورد لەسەر گۆى زەوى، بۆ شکاندنى یەکدی هیچ شتێک نەماوە نەیکەن و هیچ شتێک نەماوە نەیڵێن بۆ ناشرینکردنى حوکمى خۆبەڕێوەبەریی کوردى. رۆژگارێک دێت لە تۆمارى نێردەى وڵاتان و راپۆرتى کۆنسووڵ و باڵیۆزى دەوڵەتانى دونیادا ئەو نهێنییانە ئاشکرا دەبن کە کارەکتەر و هێزە سیاسییەکان چیان لەسەر یەکدی گوتووە. بێ ئەوەى بیر لەوە بکەنەوە ئەوەى دەیڵێن دواجار هەمووى وەک وێنایەکى گشتى لەسەر کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەى و ئەزموونى حوکمڕانییەکەى تۆمار دەکرێت و لێکەوتەکانى بە پشتکردنە کورد کۆتایى دێت.
ئایا کارەکتەرە سیاسییەکان و حیزبەکانى کوردستان هەست بە مەترسى ئەو رۆژگارە دەکەن کە کورد بێ پشت و پەنا بمێنێتەوە، میللـەتەکەمان دەکەوێتە بەردەم چى چارەنووسێکەوە؟ پێش هەر کەس دەبێت دوو هێزە سەرەکییەکەى هەرێم پارتى و یەکێتیى درک بەو مەترسییە بکەن کە بەهۆى بەرژەوەندیی حیزبى و هەندێ بەرژەوەندیى بچووکى شەخسى خەریکە کوردستان دەخەنە چى گێژاوێکەوە؟ ئەو هەنگاوانەى لە دژى یەکدی و بۆ شکاندنى یەکدى دەینێن، درکتان پێکردووە چەند گران لەسەر ناو و ناوبانگى کورد کەوتوون؟
سەرەڕاى ئەوەى هەموو دونیا دەزانن پرۆسەى هەڵبژاردن لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست، تەنیا وەک ماکیاژ وایە بۆ دەسەڵات، بەڵام ماجەراى مامەڵەکردنى کورد لەگەڵ پرۆسەى
هەڵبژاردن و لێکەوتەکانى، خەریکە دەبێتە نەنگییەکى گەورە بۆ کورد. جگە لە چەند ساڵێکى شەڕى ناوخۆ، هیچ پاساو و هۆکارێکى لۆژیکى نەبووە بۆ ئەوەى کوردستان نەتوانێت پابەندى وادە دەستوورى و رێکارە یاساییەکانى ئەم پرۆسەیە و دەرئەنجامەکانى بێت. هەمیشە بەجۆرێک مامەڵەى لەگەڵ کردووە کە خۆى تیا عەیبدار کردبێت.
لە هەر کەس و لایەکیان بپرسیت کەس وەڵامێکى بەجێى پێ نییە بۆچى دواى کۆتایى خولى رابردوو هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان نەکرا، بۆچى و بە کام پاساو بە نایاسایى تەمەنیان درێژکردەوە کە رێگەى بۆ ئەوە خۆشکرد دادگەى فیدراڵى ئەو دامەزراوە گرنگەى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە. کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، یاساى تایبەت بە هەڵبژاردن هەڵوەشێنێتەوە. بۆ واتانکرد چارەنووسى ئەم دامەزراوانە بگات بەو دۆخە؟
بە هەوڵ و ناوبژیوانیی نێودەوڵەتى، بە یاساى بەغدا و لەژێر چاودێریی کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنى بەغدا، دەرفەتێک دروستبوو پەرلەمان دروستبکەنەوە. وا بۆ دوو ساڵ دەچێت هەڵبژاردن ئەنجام دراوە، بۆ پەرلەمان بەگەڕ ناخەنەوە؟ بۆ کابینەى حکومەت پێکناهێنن؟ ئایا ئەمە بەشێک نییە لەو ستراتیجەى کە دەیەوێت شتێک نەمێنێت بە ناوى حوکمى خۆبەڕێوەبەریی کورد و قەوارەیەک لەسەر جوگرافیاى کوردستان؟
هەموو ئەوەى لە رابردوو روویداوە وەک جوڵەپێکردنى داشى یاریی شەترەنج وابووە. هەموو پێکەوە گرێدراون و هیچ کام لەوانەى روویانداوە ئامانجە سەرەکییەکە نەبووە، هەنگاوى تاکتیکى و قۆناخبەندى بووە بۆ ئامانجە نادیارەکە، کە نەهێشتنى قەوارە کوردییەکەیە. هەموو هەنگاوەکانیش بە جووڵەپێکردنى داشى کورد ئەنجام دراون. هێشتا دەرفەتى ئەوە ماوە بتوانن قەوارەکە بە پارێزراوى بهێڵنەوە، بەڵام پێویستى بە راچڵەکینى پارتى و یەکێتی هەیە، بە ئاگابێنەوە لەوەى خەریکى ئاوکردنە ئاشى چى پرۆسەیەکى ترسناکن بەهۆى ناکۆکى و ململانێ لەسەر چەند پۆستێک بۆ بەرژەوەندیی چەند کەسێک. دڵنیابن قەوارەکە تێکبچێت پێش میللـەتەکە لە ئێوە تێکدەچێت. نە چەکى دەستتان و نە سەروەت و سامانتان ناتانپارێزن.
.jpeg&w=3840&q=75)