گواستنەوەی سیستمی حوکمڕانی لە عێراق لە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییەوە بۆ سیستمێکی دیموکراتی و فیدراڵی، پێویستییەکی نیشتمانی و مێژوویی هێنایە ئاراوە کە بووە هۆکاری ئەوەی چەمك و بنەماکانی سیستمی ئاسایشی نیشتمانی لە نوێوە دابڕێژرێنەوە، بە شێوازێك کە ئاسایش لە ئامرازێكەوە بۆ پاراستنی دەسەڵات بگۆڕێت بۆ کۆڵەکەیەکی سەرەکی پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکان، قەوارەی دەوڵەت و پاراستنی هەرێمی کوردستان.
وەکو نوێنەرێکی گەلی کوردستان و ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، پێم وایە ئەرکی سەرەکیمان پاڵپشتیکردنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانە، لە سەروویشیانەوە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان وەکو بەشێکی سەرەکی و دەستووری لە دامەزراوەی بەرگریی عێراق، لەڕێگەی دەوڵەمەندکردنیان بە شارەزایی سەربازی، ئەمنی و مەدەنی لە سەرجەم پسپۆڕییە زانستییەکان، بە مەرجێک بنەمای لێهاتوویی، پسپۆڕی و دڵسۆزی ببنە تاکە پێوەر بۆ هەڵبژاردنی سەرکردە و کادرەکان. هەروەها بەرژەوەندیی باڵای وڵات و ناسنامەی نیشتمانیی فیدراڵی بخرێتە سەرووی سەرجەم ئاڕاستە حیزبی و تایفییەکان، ئەمەش لە پاڵ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی جیهان و هاوپەیمانان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پەرەپێدانی ئاسایشی سایبەری.
بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی سیستمی ئاسایشی نیشتمانی دەبنەوە، پێویستی بە داڕشتنی ستراتیژیەتی گشتگیر هەیە، تێیدا سەرجەم تواناکانی دەوڵەت لە سێکتەرە سەربازی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکان یەکبخرێن، ئەمەش بە پشتبەستن بە توانای خۆماڵی و هەماهەنگی چڕی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت کە سەرچاوەکەی تێگەیشتنی قووڵ بێت بۆ واقیعی فرەیی لە وڵات.
لێرەوە دەکرێت بگەینە ئەو راستییە ستراتیژییەی کە ئاسایشی نیشتمانی پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی بە پرسی گەشەپێدانی هەمەلایەنەوە هەیە، چونکە هێزی سەربازی بەبێ پشتێنەیەکی ئابووری و سیاسیی بەهێز ناتوانێت سەقامگیریی بەردەوام دابین بکات، و ئاسایشی کۆمەڵگەیش تەنیا لە رێگەی ئاوەدانی و گەشەپێدانی مرۆیی و خزمەتگوزارییەوە دێتە دی، هاوکاوت بۆ دەستەبەرکردنی ئەم سەقامگیرییە، پڕچەککردنی هێزە چەکدارەکان و هێزەکانی پێشمەرگە بە نوێترین تەکنەلۆژیا و چەکی پێشکەوتوو، دابینکردنی شایستە دارایی و لۆجستییەکانیان، بەرزکردنەوەی ئاستی مەشقیان، کارێکی بنەڕەتییە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی یان ناوخۆیی کە زیان بە سەروەریی وڵات بگەیێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئاسایشی نیشتمانی بەردەوام لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە سیاسییە لەناکاوەکاندایە، کە زۆرجار رێگە بە بڕیاردەری ئەمنی نادەن پێشوەختە بە تەواوی پێشهاتەکان رابگەیێنێت، ئەمەش وا دەخوازێت کە ناوەندی زانستی و هەواڵگریی هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم دابمەزرێن تا بتوانرێت بە نەرمی و داینامیکییەتەوە رووبەڕووی گۆڕانکارییە خێراکان ببینەوە.
دیارە گەورەترین ئاڵنگاریی ناوخۆیی کە دەوڵەت رووبەڕووی دەبێتەوە بریتییە لە پرۆسەی سیاسی و تەواوکردنی بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و هاوسەنگی، کە بەهۆی هەمەجۆریی سەرچاوەکانی هەڕەشەوە تایبەتمەندییەکی ئاڵۆزی وەرگرتووە، ئەمەش وەکو لایەنی بەرهەمهێنەری بڕیاری یاسایی و چاودێری لە پەرلەمان، هانمان دەدات کار بۆ بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی، چەسپاندنی چەمکی هاووڵاتیبوون، دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دژایەتیکردنی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی بکەین، چونکە گەندەڵی و پشتگوێخستنی هاوبەشیی نیشتمانی، روویەکی دیکەی تیرۆرە و رێگرە لە بەردەم گەیشتن بە سیستمێکی ئەمنیی نیشتمانیی نیشتمانپەروەر کە دڵسۆزیی رههای بۆ خاک و پاراستنی ئەزموونی دیموکراتی و فیدراڵی بێت.
د. چیمەن بارزانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
