لە دوور و نزیکەوە سەیری عێراق بکە هێشتا هەر وڵاتە تەقلیدییەکەی جارانە، بەڵام کاتێک دێتە سەر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بازدانێکی گەورە دەکات و دەبێتە وڵاتێکی گەشەسەندووی دیجیتاڵی. بەپێی ئامارەکان هێندە خواست بۆ ئەو تۆڕانە زیاد بوون، خەریکە هەژمارەکان دەگەنە ژمارەی دانیشتووان.
دوایین ئامارەکانی ناوەندی میدیایی دیجیتاڵیی عێراق دەریدەخەن، کە ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق لە 34 ملیۆنەوە بۆ 40 ملیۆن زیادی کردووە، واتە زیادبوونی نزیکەی 6 ملیۆن لە ساڵێکدا، کە پشکی گەورە بەر تیکتۆک دەکەوێت، کە پڕ بینەرترین پلاتفۆرمە، زیادبوونی خێرایی ئینتەرنێت هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ئەم گەشەیە.
بەگوێرەی ناوەندەکە خێرایی ئینتەرنێت لە عێراق بەراورد بە پار 71% زیادی کردووە. لەم ساڵدا خێرایی دابەزاندن لە رێگەی مۆبایلەوە گەیشتووەتە 56.34 مێگابایت لە چرکەیەکدا (Mbps).
بوونی 40.1 ملیۆن هەژماری چالاک لە کۆی دانیشتووان، کە 46.1 ملیۆن کەسە، ئەمە واتە نزیکەی ٨٧٪ـی تاکی عێراقی لە نێو جیهانی دیجیتاڵیدان. تێبینی دەکرێت ژمارەی هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیا لە ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت زیاترە، کە 39.6 ملیۆن کەسە؛ کە دەکرێت ئەو رێژە زۆرە بەهۆی هەبوونی زیاتر لە هەژمارێک لەلایەن یەک بەکارهێنەرەوەیە، یان دروستکردنی هەژماری ساختە و دووبارە.
ژمارەکان و زەنگی مەترسی
بوونی 40 ملیۆن هەژماری سۆشیاڵ میدیا لە وڵاتێکدا کە هێشتا یاسای تووندی پاراستنی داتا و چاودێریی دیجیتاڵی تێدا نییە، وەک "کێڵگەیەکی مین" وایە. خێرابوونی ئینتەرنێت ئەگەر بۆ ئایندە باش بێت، بۆ بڵاوبوونەوەی خێرای مەترسییەکانیش هەمان کاریگەری هەیە.
مەترسییەکە تەنیا لە ژمارەی هەژمارەکاندا نییە، لەوەشدایە کە ئەم پلاتفۆرمانە بوونەتە بڕیاردەری راستی و درۆ. راپۆرتی 2026ی رۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکات، کە ئێستا سۆشیاڵ میدیا سەرچاوەی یەکەمی هەواڵە و پێش تیڤی و ماڵپەڕەکان کەوتووە. ئەم گۆڕانکارییە، ژینگەیەکی زێڕینی بۆ بڵاوبوونەوەی 'هەواڵی ساختە' و 'دەستدرێژی ئۆنلاین' رەخساندووە، چونکە لە جیهانی تیکتۆک و ئینستاگرامدا، ئەوەی خێراتر بڵاودەبێتەوە مەرج نییە ئەوە بێت کە راستە.
کاتێک شاشەکان دەبنە چەک دژی ژنان و منداڵان
زیادبوونی ژمارەی بەکارهێنەران بۆ 40 ملیۆن، تەنیا گەشەی تەکنەلۆژی نییە، بەڵکو گەورەبوونی ئەو مەیدانەیە کە تێیدا "تاوانە ئەلیکترۆنییەکان" ئەنجام دەدرێن. لە ناو ئەم سوپا دیجیتاڵییەدا، ژنان و منداڵان زیانمەندی سەرەکین.
بەپێی ئاماری دادگەکانی عێراق، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ: 1,023 دۆسیەی تووندوتیژیی ئەلیکترۆنی دژ بە ئافرەتان لە عێراق تۆمارکراون، کە زۆربەیان تەمەنیان 15 بۆ 22 ساڵە.
زۆرجار وێنە و زانیارییە تایبەتییەکان دەکرێنە ئامرازی هەڕەشە بۆ پارە وەرگرتن، یان ناچارکردنی ژنان بۆ کاری نەشیاو، یاخود نووسینی کۆمێنتی ناشرین، بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە دژی ژنان.
تەکنەلۆژیای Deepfake وەک چەکێک دژی ژنان: ژیریی دەستکرد لەگەڵ ئەوەی بەکارهێنانی بەشێوەی دروست سوودی ئێجگار زۆری هەیە و ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ بەکارهێنەران، بە پێچەوانەشەوە خراپ بەکارهێنانی مەترسییەکی جیدییە، بەهۆی بە ئاسانی دەست گەیشتن بە ئەپ و ئامرازەکانییەوە، بەتایبەت ئامرازەکانی دەستکاریکردنی وێنە و ڤیدیۆ بە مەبەستی ناوزڕاندن و کاری نەشیاو، ئەمە لە کۆمەڵگەیەکی وەک عێراق و کوردستاندا کە "ناوبانگ" تێیدا ژیان و مردن دیاری دەکات، مەترسییەکی کوشندەیە.
منداڵان لە ناو جەرگەی مەترسیدان
هەموو مۆبایلێک لە دەستی منداڵێکدا، پەنجەرەیەکە بۆ جیهانێک کە هەم جوانی و هەم دڕندەیی تێدایە؛ پێدانی مۆبایل بە منداڵ بۆ ژیرکردنەوەیان، وەک ئەوە وایە منداڵەکەت لە ناوەڕاستی بازاڕێکی گەورە و بێسەروبەردا بە تەنیا جێبهێڵیت. هەروەها لەبەر ئەوەی تیکتۆک لە عێراق یەکەمە،(Challenges) تەحەدییە مەترسیدارەکان و نێوەڕۆکی نەشیاو بەبێ فلتەر دەگاتە دەستی منداڵ. جگە لەوەش منداڵ لە جیاتی فێربوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، دەبێتە دیلی لایک و کۆمێنتی کەسانی نەناسراو.
هەژماری ساختە و تیرۆری دەروونی
هەژمارە ساختەکان لە داهاتوویەکی دوور مەودادا کۆمەڵگە بە گشتی و منداڵان بە تایبەت رووبەڕووی تیرۆری دەروونی دەکەنەوە، چونکە بەبێ ترس لە یاسا و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن زانیاریی چەواشەکارانە بۆ ناوزڕاندن بڵاو بکەنەوە، جا بە نووسین بێت، یان بەکارهێنانی ژیریی دەسکرد بۆ دروستکردنی ڤیدیۆ و دەنگی ساختە.
زانیاریی چەواشەکارانە (Misinformation): هەواڵێکی ساختە دەتوانێت ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکبدات یان ناوی کەسایەتییەکان بزڕێنێت.
ژیریی دەستکرد (AI): ئێستا چیدی "بینین بڕواکردن نییە"، چونکە ڤیدیۆ و دەنگەکان دەکرێت بە ئاسانی دروست بکرێن بۆ مەبەستی سیاسی یان تێکدانی شیرازەی خێزان.
رێگری و چارەسەر
خیزانەکان دەتوانن لە رێگەی ئەو ئامرازانەی پلاتفۆڕمەکان دایانناوە بۆ پاراستنی منداڵان، چاودێریی منداڵەکانیان بکەن، یان ئەپڵیکەیشنی (Parental Control) وەک Google Family Link بۆ چاودێریکردنی کات و جۆری ئەو ئەپانەی منداڵ بەکاریدەهێنێت، بەکاربهێنن.
هەروەها گرنگە وەزارەتی پەروەردە بابەتێک بەناوی "هۆشیاری دیجیتاڵی" بخاتە ناو پرۆگرامەکانەوە، بۆ ئەوەی منداڵ فێرببێت چۆن خۆی لە مەترسییەکان بپارێزێت و هۆشیاری دیجیتاڵییان هەبێت، ئەمە بۆ داهاتوو کە سەردەمی دیجیتاڵییە، سوودێکی زیاتر لەم ئامانجەی ئێستای دەبێت.
لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە یاسای تووند دژی ئەو کەسانە هەبێت، کە هەواڵی ساختە بڵاودەکەنەوە، یان منداڵان بۆ مەرامی بازرگانی و سیاسی بەکاردەهێنن، ئەوەی ئێستا هەیە و لێرە زیاتر کاری پێدەکرێت، یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە، پێویستە یاساکان وردتر دابڕێژرێن و لەگەڵ ئەم سەردەمە دیجیتاڵییە بگونجێن و تووندتر بکرێن. هەروەها ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی لەم فەزایە نابێت بێدەنگ بن و دەبێت پەنا بۆ یاسا و تۆمارکردنی سکاڵا و رێکارەکان ببەن.
بەرپرسیارێتییەکی گشتی
تەکنەلۆژیا ئامرازە، ئەوە ئێمەین بڕیار دەدەین بۆ کاری شەڕانگێزانە بەکاریبهێنین یان بۆ گەشەسەندن و پێشخستنی زانست. پاراستنی ژنان و منداڵان لە فەزای مەجازیدا ئەرکی هەمووانە، لە حکومەتەوە تاوەکو تاک بە تاکی خێزان، ئەو 40 ملیۆن هەژمارەی ئێستا عێراقی خستووەتە نێو مەترسییەک، کە لێکەوتەکانی دیار نین، دەتوانن ببنە دەرفەت بۆ فێربوون و پێشکەوتن، بەڵام ئەگەر ژینگەیەکی پارێزراو بۆ ژنان و منداڵان و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە دابین نەکرێت، ئەوا ئەم جیهانە مەجازییە دەبێتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
