رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تێچووی شەڕی پەکەکە لانیکەم دوو تریلیۆن دۆلار لەسەر دەوڵەت کەوتووە.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی 12 ـی حوزەیرانی 2026 لە پارێزگای سامسون ـی تورکیا بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کرد.
یڵماز، باسی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کرد کە بە "تورکیای بێ تێرۆر" ناوی دەبەن و گوتی: "لە پێشهاتەکانی سووریاوە بینیمان ئەمە چەند گرنگە. هەروەها پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ئێرانیش جارێکی دیکە گرنگیی 'تورکیای بێ تێرۆر'ـی پێشان داین. بە ئومێدی خودا بە تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە، تیرۆر بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە رۆژەڤی وڵاتدا نامێنێت"
یاریدەدەرەکەی سەرۆککۆمار گوتی: "لێرەدا تیرۆر دوو تێچووی هەیە؛ یەکێکیان تێچووی راستەوخۆ و ئەوی دیکەشیان بە دەستەواژەی ئابووری، تێچووی جێگرەوەیە. واتە ئەو تێچووەی بەهۆی ئەو کارانەوە دروست دەبێت کە لەبەر تیرۆر نەکراون. ئەمەش بە لایەنیکەمەوە دوو تریلیۆن دۆلارە."
جەودەت یڵماز دەڵێت، سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری لە بەرژەوەندی گەشانەوەی تورکیایە و گوتتی: "ئەو سەرچاوانەی لە رابردوودا بۆ تێرۆر دەچوون، بەشداری دەکەن لە گەشەپێدان و پێشخستنی ئەم وڵاتە و زیادکردنی دەرفەتی کار. تورکیاش بە رزگاربوونی لەم کۆت و بەندانە، بە ئومێدی خودا بە شێوەیەکی زۆر بەهێزتر بەردەوام دەبێت لە رێگەکەی خۆی."
پرۆسەی نوێی چارەسەری لە تورکیا کە نزیکەی ساڵێک و نیوە دەستیپێکردووە، ئەم وێستگانەی بڕیوە:
1ی تشرینی یەکەمی 2024: دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە داوای لە ئۆجەلان کرد پەکەکە چەک دابنێت و باسی لە "مافی هیوا" کرد.
27ی شوباتی 2025: عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالییەوە بانگەوازی بۆ پەکەکە کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەک.
ئایاری 2025: پەکەکە لە کۆنگرەی 12ی خۆیدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
- تەممووز - تشرینی دووەمی 2025: یەکەم گرووپی گەریلاکان چەکیان دانا و پەکەکە کشانەوەی لە ناوخۆی تورکیا و ناوچەی زاپ راگەیاند.
5ی ئابی 2025: پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێکی تایبەتی بۆ پرۆسەکە پێکهێنا.
سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، هێشتا ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەکەدا ماوە؛ دەم پارتی و پەکەکە داوای هەنگاوی خێراتر و یاسایی دەکەن، لە بەرامبەریشدا حکومەتی تورکیا جەخت دەکاتەوە کە دەبێت سەرجەم دامەزراوەکانی پەکەکە لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بە تەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە.
