رووداو دیجیتاڵ
پاش تێپەڕبوونی نزیکەی 20 مانگ بەسەر دەستپێکردنی قۆناخــێکی نوێ لە دانوستاندن و جووڵە سیاسییەکان، پرسی "یاسای ئاشتی" و دیموکراسیی کۆماری تورکیا بووەتە رۆژەڤی سەرەکیی ناوەندە سیاسی و ئەکادیمییەکان. محەممەد ئەمین ئەکمەن، پەرلەمانتاری پارتی دێڤا (DEVA) و وەهاب جۆشکون، مامۆستای زانکۆ، هاوڕان لەسەر ئەوەی کە تورکیا ئێستا لەبەردەم پێویستییەکی مێژوویی یاساییدایە.
ئەم باسانە لە کاتی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسێکی دوو رۆژەدا لە ژێر ناوی (گۆڕانکاری بەرەو کۆماری دیموکراسی لە سەدەی دووەمدا) هاتن، کە بە دەسپێشخەریی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و کۆنگرەی دیموکراسیی گەلان (HDK) ساز کرابوو و تێیدا قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
ئەکمەن: دەسەڵات هیچ رەشنووسێکی بۆ ئێمە نەناردووە
محەممەد ئەمین ئەکمەن، پەرلەمانتاری پارتی دێڤا (DEVA)، ئاماژە بەوە دەدات کە یاساکانی ئێستای تورکیا، لەوانەش "یاسای سزادان و یاسای دژەتیرۆر"، رێگرن لەبەردەم هەر جۆرە گەڕانەوەیەکی چەکدارانی پەکەکە و گوتی: "20 مانگ تێپەڕیوە و هێشتا گەڕانەوە نییە، چونکە بنەمایەکی یاسایی نییە تاوەکو پێگەی ئەو کەسانە دیاری بکات."
ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە کە، "پێویستیمان بە زەمینەیەکی یاسایی هەیە سەبارەت بە پێگەی یاسایی ئەوانەی دەگەڕێنەوە و ئەو پەرەسەندنانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە. پێمان وایە ئەمە دواکەوتووە." ئەکمەن ئاماژەی بە کەمتەرخەمیی حکومەت بۆ دەرخستنی یاساکە کرد و گوتی: "تاوەکو ئێستا وەک فراکسیۆن یان وەک پارت، هیچ رەشنووسێک بۆ راوێژکردن پێمان نەدراوە."
پارتی دێڤا (DEVA)، کە لە ساڵی 2020 لەلایەن عەلی باباجان، جێگری پێشووتری رەجەب تەیب ئەردۆغان دامەزراوە، پشتگیریی پڕۆسەی چارەسەری لە نێو پەرلەمان دەکات. محەممەد ئەمین ئەکمەن پێی وایە یاسای ئاشتی دەبێت بە دوو هەنگاوی دیکە پاڵپشتی بکرێت؛ یەکەمیان کۆتاییهێنان بە "سیاسەتی قەییوم" و کردنەوەی بواری زمانی کوردی، دووەمیش "گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی بە مەرسوومی یاسایی لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە"، تاوەکو پڕۆسەکە تەنیا لە چوارچێوەی "تیرۆر"دا نەمێنێتەوە و ببێتە پڕۆسەیەکی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی دەوڵەتی یاسا.
وەهاب جۆشکون: دیموکراسی بەبێ چارەسەری پرسی کورد نابێت
لەلایەکی دیکەوە، د. وەهاب جۆشکون، مامۆستای زانکۆ، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆماری تورکیا لە سەدەی یەکەمی تەمەنیدا بەدەست "کەمیی دیموکراسییەوە" ناڵاندوویەتی. ئەو گوتی: "ئەگەر تورکیا بیەوێت لە سەدەی نوێدا ببێتە کۆمارێکی دیموکرات، دەبێت پێش هەموو شتێک پرسی کورد چارەسەر بکات." ئەو پێی وایە کێشەی کورد دوو رەهەندی هەیە؛ "لایەنێکیان چەکدارییە، لایەنەکەی دیکەشیان سیاسییە، کە داواکاریی یاسایی و دەستووریین."
جۆشکون داوا دەکات حکومەت پڕۆژەیاسایەک بۆ "دانانی چەک" و "هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی قەییوم" بهێنێتە پەرلەمان. بە بڕوای وەهاب جۆشکون ململانێکانی ئێران و پێکدادان لە سووریا کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەکە هەبوو و بووە هۆی وەستانی پڕۆسەکە. جۆشکون گوتی: "ئێستا لە قۆناخــێکداین کە پێویستە یاسایەک دەربچێت؛ ئەگەر ئەم یاسایە بکەوێتە دوای پشووەکانی پەرلەمان، هیوای خەڵک کەم دەبێتەوە." سەبارەت بە هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنیش، جۆشکون گوتی ئاڵۆزییەکانی ناو پارتی کۆماری گەلی (CHP) نابێتە رێگر، چونکە سەرکردەکانی ئەو پارتەش خوازیاری چارەسەرن لە ژێر چەتری پەرلەماندا.
ئیقبال دوررە: تورکیا چاوەڕێی ئێرانە
د. ئیقبال دوررە، مامۆستای زانکۆ، تیشک دەخاتە سەر رەهەندە هەرێمییەکان و پەیوەندیی نێوان پڕۆسەی ئاشتی و ململانێکانی ئێران و ئیسرائیل و گوتی: "سستیی پڕۆسەکە لە تورکیا راستەوخۆ بە گۆڕانکارییەکانی ئێرانەوە بەستراوەتەوە. تورکیا دەیەوێت بزانێت گۆڕانکارییەکانی ئێران چۆن دەشکێنەوە، بۆ ئەوەی کورد نەبنە یەک و وەرچەرخانێکی سیاسی بە ئاراستەیەکدا نەکەن کە تورکیا نەگرێتەوە."
ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێی وایە کورد بڕیارێکی دروستی داوە و گوتی: "پێم وایە لەم پڕۆسەیەدا کوردی رۆژاوا و رۆژهەڵات هەڵوێستێکی دروستیان هەبوو. واتە دەستوەردانی راستەوخۆ لە رووداوەکان و 'کەوتنە ژێر کاریگەریی و هاندان' دەتوانرا ئەنجامی زۆر مەترسیداری لێ بکەوێتەوە." دوررە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا کورد خاوەنی ئەزموونێکی سیاسیی وایە کە "ئاگاداری بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، کوردانی هەموو پارچەکان خاوەنی ئەو ئەزموونە سیاسییەن کە دەتوانن ئەم دەرفەتانە لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە خاڵێکی هاوبەشدا کۆبکەنەوە و بگەینە ئەنجامێکی دروست."
فەرهاد کێنتەل: دەبێت گوێ لە لایەنە جیاوازەکان بگیرێت
فەرهاد کێنتەل، لێکۆڵەر، باس لە سۆسیۆلۆژیای گۆڕانکاری دەکات و پێی وایە دیموکراتیکردنی کۆمار تەنیا کاری دەوڵەت و حیزبەکان نییە، بەڵکو دەبێت ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان بەشدار بن. کێنتەل گوتی: "ئێمە دەبێت لەگەڵ ئەو کەسانەی وەک ئێمە نین، دانیشین و گوتارێکی هاوبەش دروست بکەین." ئەو پێی وایە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پاشخانی کێشەکان و شەفافکردنی داواکارییەکان، تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی خەڵک لە "شیوەنگێڕی" و تراوماکان رزگاریان ببێت.
گویلجان کاچماز: یەکێتیی کورد؛ مەرجی سەرەکی بۆ سەرکەوتن
گویلجان کاچماز، پەرلەمانتاری دەم پارتی و گوتەبێژی "دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتیک"، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی یەکڕیزیی ناوخۆیی کورد. ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە "100 ساڵە دابەشبوونی کورد و زاڵبوونی وڵاتان و بەرژەوەندییە حیزبی، بنەماڵەیی و عەشایەرییەکان رێگربوون لە دروستبوونی یەکێتیی نەتەوەیی." ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتیک کار بۆ ئەوە دەکات کورد لە هەموو پارچەکان و تەنانەت لە شارە گەورەکانی تورکیاش یەکدەنگ بن.
کاچماز گوتی: "ئێمە هەتا ئاشتیی ناوخۆیی خۆمان پێکنەهێنین، ناتوانین ئاشتییەکی بەرفراوان بەدی بهێنین." هەروەها تیشکی خستە سەر دۆخی ملیۆنان کورد لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبووڵ و جەختی کردەوە "بەهۆی نەتەوەپەرستیی دەوڵەتی تورکیاوە، لە رووی ئابوورییەوە کێشەی زۆر گەورە بۆ گەلەکەمان دروست بووە، وێرانکردنی گوندەکان و دۆخی نالەباری ئابووری، کوردی ناچار بە کۆچبەری کردووە."
دەستپێشخەرییەکەیان بڕیارە لە مانگی ئابدا لە جەزیر و گەڤەر کۆڕبەند و چالاکی ئەنجام بدات. کاچماز گوتی: "هێڵی سووری ئێمە بەرژەوەندیی کورد و کوردستانە، دەمانەوێت لەگەڵ هەر کەسێک کە دەڵێت من کوردم و خۆی بە کوردستانی دەزانێت، پێکەوە کار بکەین. پێویستە ئەم 100 ساڵە ببێتە سەدەی گەلی کورد و کوردستان، بۆ ئەوەش گەورەترین کۆڵەکە، یەکێتیی گەلی کوردە."
کۆنفرانسەکە دوو رۆژ بەردەوام بوو و لە کۆتاییدا داوا لە دەسەڵاتی تورکیا کرا هەنگاوی بوێرانە و یاسایی بۆ ناسنامەی کورد و دیموکراسیکردنی تورکیا بنێت تاوەکو چیدیکە پڕۆسەکە بێ ئەنجام نەمێنێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)