رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، پێشوازی لە لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن و بە پێشهاتێکی گرنگی دەبینن بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەیاندا.
رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێكی لەبارەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێشوازیی لێ دەکات.
ئەردۆغان رایگەیاند، "پێشوازی لە لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەم و بە پێشهاتێکی گرنگی دەبینم بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەماندا. لە دڵەوە هیوادارم ئەم هەواڵە کە ماوەیەکی درێژە هەموو جیهان پێویستی پێیەتی، ببێتە هۆی کەشێکی هەمیشەیی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەماندا".
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، "بە گرنگییەوە جەخت لەوە دەکەمەوە کە پێویستە تاوەکو رۆژی واژۆکردن، خۆ بەدوور بگیردرێت لە هەر گوتار، هاندان و کردەوەیەک کە گرژییەکان زیاتر بکەن و بەرامبەر بە کردەوەی تێکدەرانە وریا بین."
ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا، نووسی، "سوپاسی پاکستان دەکەم بۆ هەوڵە نێوەندگیرییە نایابەکانی، بەتایبەتی سەرکردایەتی ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە. هەروەها دەمەوێت دەرببڕم کە پێزانینم هەیە بۆ پاڵپشتییەکانی قەتەر و سعودیە بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، "تورکیا، وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەموو هەوڵێک بۆ دامەزراندنی ئاشتی، سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەماندا و بەشداریکردن لە چارەسەری هەمیشەیی لەسەر بنەمای دیپلۆماسی و یاسا نێودەوڵەتییەکان".
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنانێکی "دەستبەجێ و هەمیشەیی" بە جەنگ و بڕیاریاندا سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، لەنێویاندا لوبنان، رابگرن.
پاکستان وەک نێوەندگیری سەرەکیی جەنگەکە، لێکتێگەیشتنەکەی راگەیاند و دواتر واشنتن و تاران پشتڕاستیان کردەوە.
بڕیارە رێوڕەسمی فەرمیی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە رۆژی هەینی، 19ـی حوزەیران لە شاری جنێڤ لە سویسرا بەڕێوەبچێت.
