رووداو-تەندروستی
دەزگەی خۆراک و دەرمانی لە ئەمریکا (FDA) رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی ئەنسۆلینێکی هەڵمژراو دا.
دەزگەی خۆراک و دەرمانی لە ئەمریکا رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی دەرمانی ئەفرێزا (Afrezza)دا کە سەر بە کۆمپانیای "MannKind"ە بەشێوەی هەڵمژراو بۆ ئەو منداڵانە دا کە تەمەنیان لە 6 ساڵ زیاترە و نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەکەم یان دووەمیان هەیە.
بەرهەمەکە لە رێگەی تەکنەلۆجیای 'تێکنۆسفێر'ی (Technosphere) تایبەت بە کۆمپانیاکە کاردەکات؛ گەردیلە زۆر بچووکەکان بڕێکی دیاریکراوی ئەنسۆلین هەڵدەگرن و لە ماوەی تەنیا 2 چرکەدا لە رێگەی هەناسەدانەوە دەگەیێندرێنە قووڵایی سییەکان، دوای هەڵمژینی ئینسۆلینەکە بەخێرایی دەتوێتەوە و لە ماوەی نزیکەی 1 خولەکدا دەچێتە ناو خوێنەوە. کاریگەرییەکەی لە ماوەی 35 بۆ 45 خولەکدا دەگاتە لوتکە و لە ماوەی نزیکەی 1.5 بۆ 3 کاژێردا کاریگەرییەکەی نامێنێت، ئەمەش بە شێوەیەک داڕێژراوە کە لە وەڵامی سروشتیی جەستە بۆ ئەنسۆلین لە کاتی نانخواردندا بچێت.
د. جەیمی ود گوتی "چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە لە منداڵاندا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبوویەوە، منداڵان بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان کەمە زۆرجار بەهۆی بەکارهێنانی دەرزیی رۆژانەوە بێزار دەبوون، بە پەسندکردنی ئەنسۆلینی هەڵمژراو، بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەستدایە"
