رووداو- تەندروستی
هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی خوێنبەخشین، بانکی خوێنی سلێمانی هەڵمەتێکی خوێنبەخشینی رێکخست و رایگەیاند، هاونیشتمانییەکی زۆر بەدەم بانگەوازەکەوە هاتوون و هیچ کێشەیەکیان بەهۆی کەمیی خوێنەوە نییە.
کۆچەر ئیبراهیم بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "هاونیشتمانییەکی زۆر خوێن دەبەخشن ئەمڕۆ 120 کەس لە هێزی کۆماندۆ هاتوون خوێن ببەخشن و خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو بەهۆی کەمیی خوێنەوە دروستنەبووە."
سەبارەت بە گوشاری سەر بانکەکەیان کۆچەر ئیبراهیم گوتی: "بەهۆی زۆریی نەخۆشخانەکانەوە گوشارێکی زۆرمان لەسەرە، بەڵام توانیومانە کۆنترۆڵی هەموو شتێک بکەین و هیچ گرفتێکمان نەبێت."
بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی هەواڵێکی خۆشیشی راگەیاند و گوتی: "لە ماوەی یەک بۆ دوو مانگی داهاتوودا، بانکی خوێنی سلێمانی دەگوازینەوە بۆ شوێنێکی نوێ کە گەورەتر و باشترە و بۆمان دابینکراوە."