رووداو-تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ رێنوێنیی پیاوان دەکات کە لە تەمەنی 50 ساڵییەوە دەست بە پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی پڕۆستات بکەن، چونکە دەستنیشانکردنی زوو، چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە ئاسانتر دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 15-6-2026 د. ئاری عەلی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ لە بوڵتەنی تەندروستی راگەییاند، "پشکنینی پێشوەختەی پڕۆستات لە رێگەی پشکنینی خوێنەوە دەکرێت و پێویستە پیاوان لە تەمەنی 50 بۆ 55 ساڵییەوە، هەر دوو ساڵ جارێک ئەو پشکنینە بکەن".
د. ئاری عەلی، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کەسانەی کە لە خێزانەکەیاندا کەسێکیان تووشی شێرپەنجەی پڕۆستات بووە، دەتوانن زووتر و لە تەمەنی 40 ساڵییەوە دەست بە پشکنین بکەن، هەروەها ئەوانەی جگەرەکێشن و قەڵەون، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی پڕۆستات زیاترە".
لە کۆتاییدا ئەو پسپۆڕەی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ دووپاتیکردەوە: "تاوەکو زووتر شێرپەنجەی پڕۆستات دەستنیشان بکرێت، چارەسەرکردنەکەی ئاسانتر دەبێت".
