رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی تووند لە ئێران دەگرێ و دەڵێ، ئەو وڵاتەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست توانا سەربازییەکانی لەدەستداوە و سوپاکەی "بە تەواوی تێکشکاوە".
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیاڵ ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی سەربازیی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە و رایگەیاند: "بەشێکی زۆری سوپاکەیان، بەتایبەتی هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی، چی دیکە بوونیان نەماوە؛ ئەوان بە تەواوی شکستیان هێناوە."
ترەمپ دەڵێ: "ئێران تەنیا قسە دەکات و هیچ کردارێکی نییە. شەڕەنگێزەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مرد."
سەبارەت بە پرۆسەی دیپلۆماسی و دانوستاندنەکانیش، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە بەرپرسانی ئێران گرت و گوتی: "ئەوان کاتی زۆریان بەفیڕۆدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە بۆیان زۆر باش دەبوو؛ بەڵام ئێستا کاتەکەیان لەدەستداوە و دەبێت باجەکەی بدەن."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانی ئەمریکا چەند ئامانجێکی لە ئێران بۆردوومان کرد و سوپای پاسدارانیش ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن کرد.
