رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشکردنەوە سەر ئێرانی کرد و تیمی دانوستاندنکاری ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی "یاری بە ئەمریکا دەکەن" و پابەندی رێککەوتنەکان نین.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشكی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دوێنێ بە تووندی لێمان دان، ئەمڕۆش جارێکی دیکە بە تووندی لێیان دەدەینەوە. ئێمە هێرش دەکەینە سەریان، هێرشی زۆر قورس."
ئەم لێدوانە تووندانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتنە ئاستێکی نوێ، بەتایبەتی دوای خستنەخوارەوەی کۆپتەرێکی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری (ئەپاچی) لەلایەن ئێرانەوە، کە تێیدا دوو فڕۆکەوانەکەی رزگارکران. لە بەرامبەردا، ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی تۆڵەسەندنەوەی کردە سەر بنکەکانی فەرماندەیی و چاودێریی ئێران.
ترەمپ رایگەیاند، ئەگەری هەیە فەرمان بدات بۆ بەئامانجگرتنی پردەکان و وێستگەکانی کارەبا لەناو خاکی ئێراندا، کە پێشتر هەڕەشەی کردبوو بەڵام جێبەجێی نەکردبوون. کاتێکیش پرسیاری لێکرا ئایا بەڕاستی ئەو پلانەی هەیە؟ ترەمپ گوتی، "بە ئێوەی ناڵێم، بەڵام دەتوانم ئەو کارە بکەم."
سەرۆکی ئەمریکا بێ ئومێدیی خۆی لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئێران نیشاندا و گوتی، "زۆر لە رێککەوتن نزیک بووین، بەڵام ئەوان بەردەوام یاری بە کات دەکەن و وەک گەمژە مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن. هەموو شتێک ئامادەیە و دانوستاندنی لەسەر کراوە، تەنیا ماوە کاخەزەکە واژۆ بکەن، بەڵام ئەوان هەر ئەمڕۆ و سبەی دەکەن."
پێش کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکە، ترەمپ لە پلاتفۆرمی (Truth Social) نووسیبووی: "خراپەکارەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مرد! ئەوان زۆر درەنگ کەوتن بۆ رێککەوتنێک کە بۆ خۆیان زۆر باش دەبوو، ئێستا دەبێت باجەکەی بدەن."
ترەمپ ستایشی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکای کرد بۆ سەر ئێران و بە "دیوارێکی پۆڵایین" و "سەرکەوتووترین گەمارۆی مێژوو" ناویبرد، کە بووەتە هۆی پەکخستنی بازرگانیی ئێران و رێگری لە پێدانی مووچەی سەربازی لەو وڵاتەدا.
لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکادا، تاران رایگەیاندم رۆژی چوارشەممە هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن و بەحرێن.
