رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە وەزیری بەرگری و وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا بەهۆی ناکۆکی لەسەر بودجەی سەربازی دەستیان لە کار کێشایەوە؛ ئەمەش گوشارێکی یەکجار زۆری خستووەتە سەر کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە لە ناوخۆی پارتەکەیدا داوای لادانی دەکرێت.
جۆن هیڵی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، وازهێنانی خۆی راگەیاند و هۆشداری دا کە پلانی وەبەرهێنانی بەرگری کە بڕیارە ستامەر بڵاوی بکاتەوە، مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەیان دروست دەکات و بەریتانیا "ناپارێزراوتر" دەکات. لە دوای ئەویش، ئەل کارنس، وەزیری هێزە چەکدارەکان و پامێلا ناش، یاریدەدەری وەزیری بەرگری دەستیان لە کار کێشایەوە.
جۆن هیڵی لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا کە لە هەژماری خۆی لە ئێکس بڵاویکردەوە و بە ستامەر دەڵێت: "تۆ نەتتوانی و وەزارەتی دارایی ئامادە نەبوو ئەو سەرچاوانە دابین بکات کە نەتەوەکەمان لەم کاتی زیادبوونی هەڕەشانەدا بۆ بەرگری لە وڵات پێویستییەتی." هیڵی ئاماژەی بەوە کرد، نەیتوانیوە رازی بێت بە رێککەوتنێک کە سەرچاوەی پێویست ناداتە هێزە چەکدارەکان.
کیەر ستامەر دەستبەجێ دان جارڤیس، ئەفسەری پێشووی سوپای وەک جێگرەوەی هیڵی دەستنیشان کرد و گوتی: "ئەرکی یەکەمی من پاراستنی گەلی بەریتانیایە. حکومەتەکەی پارتی کرێکاران گەورەترین زیادکردنی بودجەی بەرگری لە دوای جەنگی ساردەوە جێبەجێ دەکات."
ستامەر بەڵێنیدا کە بەر لە لووتکەی ناتۆ لە تورکیا لە 7ی تەمموزدا، پلانە سەربازییەکەی بڵاو بکاتەوە.
کێمی بادینۆک، سەرۆکی پارتی پارێزگاران لە کاردانەوەیەکدا گوتی: "سەرۆکایەتییەکەی ستامەر خەریکە هەڵدەوەشێتەوە." ئەم لێکترازانە تەنیا هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنی ناوخۆیی دێت کە رەنگە ببێتە هۆی دەستپێکردنی هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی ستامەر.
ستامەر بەڵێنی دابوو خەرجییە بەرگرییەکان بۆ ساڵی داهاتوو بۆ 2.5٪ی بەرهەمی ناوخۆیی بەرز بکاتەوە، بەڵام جۆن هیڵی دەڵێت، ئەو پلانەی کە بینیویەتی تەنیا دەگاتە 2.68٪ تاوەکو ساڵی 2030، ئەمەش زۆر کەمترە لەوەی پێویستە.
ئەم دەستلەکارکێشانەوانە لە کاتێکدا دێن کە ئەندی بێرنهام، سەرۆکی شارەوانیی مانچستەر، هەوڵی گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەدات تاوەکو کێبڕکێ لەسەر سەرکردایەتی پارتی کرێکاران بکات. پێشتریش وێس ستریتینگ، وەزیری تەندروستی، بەهۆی شکستی پارتەکە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دەستی لەکار کێشابووەوە.
کشانەوەی جۆن هیڵی زنجیرەیەک "سەرئێشە" بۆ ستامەر دروست دەکات، بەتایبەت لە کاتێکدا کە دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر هاوپەیمانەکانی ناتۆ بۆ زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانیان.
.jpg&w=3840&q=75)