رووداو دیجیتاڵ
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، رایگەیاند کە دوای هەوڵێکی چڕی نێوەندگیریی، دواجار دەقی کۆتایی بۆ رێککەوتنی ئاشتیی ئامادەیە.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختی کردەوە کە ناوچەکە لەهەموو کاتێک زیاتر لە ئاشتی نزیکە و ئێستا وڵاتەکەی خەریکی رێکخستنی هەنگاوەکانی داهاتووە لەگەڵ هەردوولا.
رۆژی هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، شەهباز شەریف لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، کە "رەشنووسی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد" گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان نووسیویەتی: "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە دەقی کۆتایی و پەسندکراوی رێککەوتنی ئاشتی ئامادە کراوە و پاکستان لەگەڵ هەردوو لا کاردەکات بۆ تەواوکردنی هەنگاوەکانی دواتر." هەروەها جەختی کردەوە کە ئاشتیی هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە.
شەهباز شەریف ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەوان بە تەواویی ئاگاداری هەڵمەتی بەردەوام و بێوچانی چەواشەکارین کە لەلایەن ئەو کەسانەوە دەستپێکراوە دەیانەوێت رێککەوتنی ئاشتی تێک بدەن و بڵاچەی شەڕ بە گەرمیی بهێڵنەوە.
هەروەها، جەختی کردەوە کە نابێت گوێ لەو ژاوەژاویی میدیاییانە بگیرێ کە دەیانەوێت رێڕۆی ئاشتیی تێکبدەن، چونکە ئیسلام ئاباد رژد بووە لەسەر ئەوەی کەهەموو ئاستەنگەکان تێپەڕێنێت.
هاوکات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلاماباد هەرگیز بەم ئەندازەیە لە واژۆکردن نزیک نەبووە؛" ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو تەواوکردنی رەشنووسەکە دەگاتە قۆناخی کۆتایی، پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و گریمانەیی خۆیان بەدووربگرن.
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، تاران پابەندە بە پەیڕەوکردنی شێوازێکی "بەرپرسانە و شەفاف" و گوتی: "لە کاتی گونجاودا هەموو وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە لەگەڵ رای گشتی بەش دەکەین."
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکردووە و ئێستا گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیار. داخستنی تەنگەی هورمز گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئابووریی جیهانیی. رێککەوتنی ئیسلام ئاباد وەک تاقە ئومێد بۆ گەڕانەوەی ئارامیی دەبینرێ. ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی واژۆکردنی فەرمیی ئەم رەشنووسە دەکەن تاوەکو کۆتایی بەم ململانێیە خوێناوییە بهێنرێت.
