رووداو دیجیتاڵ
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ژمارەیەک رۆژنامەڤان لە کۆشکی سپی کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداویش لە واشنتن ئامادەی بوو، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، وردەکاریی قۆناخی کۆتایی رێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێرانی خستنەڕوو. بەرپرسەکە رەتی کردەوە تاران تەنیا لە بەرامبەر واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا ملیاران دۆلاری پێبدرێ و ئاماژەی بەوەشکرد، نابێ بڕوا بە "پڕوپاگەندەی" میدیاکانی سوپای پاسداران بەکرێ.
بەرپرسە باڵاکەی کۆشکی سپی لەبارەی نێوەڕۆکی رێککەوتنەکەوە رایگەیاند، هەموو ئەو ئامانجانە بەدەست دەهێنێت کە سەرۆکی ئەمریکا دیاریکردبوون، کە ئەمانە لەخۆدەگرێ:
یەکەم: کردنەوەی تەنگەی هورمز.
دووەم: هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
سێیەم: ئەمریکا دەست بەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێراندا دەگرێ. بەپێی رێککەوتنەکە ئەو مادەیە لە شوێنی خۆی ناکارا دەکرێ و پاشان دەبرێتە دەرەوەی وڵاتەکە.
چوارەم: مسۆگەرکردنی ئاشتییەکی درێژخایەن لە ناوچەکە، کە بەو واتایە دێت چیدیکە ئێران گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە پارەدار ناکات. لە بەرامبەریشدا هەمووان رێز لە سەروەریی خاکی ئێران دەگرن.
پێنجەم: دیاریکردنی سیستمێکی پشکنینی تووندی بەرنامەی ئەتۆمی بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونێکی درێژخایەن.
هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکە کاتی دەوێ
سەبارەت بە چۆنییەتی لەنێوبردنی مادە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران بەڵێنی داوە "بۆ هەمیشە" واز لە دروستکردن یان بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بهێنێت.
ئەو بەرپرسە گوتی، جێبەجێکردنی ئەمە پێویستی بە دانوستاندنی تەکنیکیی زیاترە و گوتی: "ئەمە مادەیەکی زۆر مەترسیدارە، ناتوانین تەنیا بە شۆفڵێکەوە و بە کرێکارێکەوە بچینە ئەوێ و دەریبهێنین. وردەکارییە تەکنیکییەکان کاتیان دەوێ و بە 24 کاژێر ناکرێن، بەڵام ئێمە سیستمێکی پشکنین و چاودێریی تووند دادەنێین."
لەبارەی ئەوەی ئێران لەم رێککەوتنە چی دەستدەکەوێ، بەرپرسەکەی کۆشکی سپی روونیکردەوە کە ئەگەر ئێران پابەند بێت، لەو گوشارە ئابوورییانە رزگاری دەبێت کە ساڵانێکە لەسەریەتی و تێکەڵ بە ئابووریی جیهان دەبێتەوە. بەرپرسەکە گوتی: "ئەوان پاداشت دەکرێن لەبەرامبەر ئەوەی وەک وڵاتێکی ئاسایی رەفتار دەکەن، نەک وەک گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانکاری تیرۆر. بەڵام ئەم سوودە تەنیا ئەو کاتە بەدەستدەهێندرێ کە بە کردار هەنگاو بنێن."
بەرپرسە ئەمریکییەکە رەتیشی کردەوە کە ئێران پارەی کاش وەربگرێ و گوتی: "دەبینم کەسانێک هەن کە دەڵێن بە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە ئێران 12 ملیار یان ملیارێک یان 6 ملیار دۆلار وەردەگرێ. ئەمانە هەموویان دوورن لە راستییەوە. ئێرانییەکان نە لە کاتی واژۆکردنی یاداشتەکە و نە لە کاتی دانوستاندنەکەیشدا هیچ وەرناگرن. ئەوەی وەریدەگرن تەنیا پاداشتی ئابوورییە لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان. ئەگەر کەرەستە ئەتۆمییەکان رادەست بکەن، شتێک وەردەگرن، ئەگەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان هەڵبووەشێننەوە شتێکی دیکە وەردەگرن، هەنگاو بەرامبەر هەنگاوە."
سەبارەت بە رووماڵی میدیاکانی ئێران بۆ بابەتەکە، بەرپرسەکەی کۆشکی سپی هۆشداری دا کە بەشێک لە نەریتخوازەکانی ئێران دەیانەوێ رێککەوتنەکە لەبارببەن، بەشەکەی دیکەشیان دەیانەوێ بۆ نێوخۆ وا وێنای بکەن کە ئەوان براوەی گەورەن. بەرپرسەکە گوتی: "من زۆر بە گومانەوە دەڕوانمە هەر شتێک کە لە میدیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە بڵاودەکرێتەوە، ئەوان دەیانەوێ رێککەوتنەکە بە خەڵکەکەیان بفرۆشنەوە و پڕوپاگەندە دەکەن."
لەبارەی کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە، بەرپرسە باڵاکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە واژۆ بکرێ، هەرچەندە رۆژێکی دیاریکراوی نەگوت، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد: "بەیانی ئەمڕۆ بەرێژەی 75٪ دڵنیابووم لە واژۆکردنی، بەڵام ئێستا بەرێژەی 80٪ بۆ 85٪ دڵنیام، بەڵام 100٪ نییە، چونکە سیستمی ئێرانییەکان زۆر ئاڵۆزە و هێشتا هەموویان لەسەری کۆک نین، بەڵام ئێمە زۆر نزیکین لە هێڵی کۆتایی."
هەڵوێستی ئیسرائیل و گرژییەکانی لوبنان
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر هەڵوێستی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەردەوامیی هێرشەکانیان بۆسەر لوبنان، بەرپرسەکەی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە رۆژی پێشتر سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە نەتەنیاهووەوە کردووە.
ئەو بەرپرسە باڵایە گوتی: "تێدەگەم کە ئیسرائیل بەگومانە، بەڵام دڵنیاین کاتێک تەواوی مەرجەکانی رێککەوتنەکە دەبینن و دەزانن کە ئێران پێشوەخت هیچ پارەیەک وەرناگرێ، رازی دەبن. بێگومان ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو دەستبەرداری مافی بەرگریکردن لە خۆیان نابن. ئاشتی پێویستی بە دوو لایەنە، ئەگەر حیزبوڵڵا مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات و ئێران پارەکەی بدات، ئەوا ئێران پابەند نەبووە و هیچ سوودێک وەرناگرێ."