رووداو دیجیتاڵ لە رووداوێکی دەگمەن و سەرسوڕهێنەردا، پۆلیسی یۆنان سێ کەسیان بە تۆمەتی "کۆیلایەتیی" دەستگیر کرد، دوای ئەوەی کۆچبەرێکیان بۆ ماوەی چەندین هەفتە چەوساندووەتەوە و شەوانە لەناو سندووقێکی گەورەدا بەندیان کردووە. پۆلیسی ناوچەی (سیفا)، رایگەیاند کە دوو جووتیار و مێردمنداڵێکی یۆنانییان دەستگیر کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەو سێ کەسە بە فێڵی دابینکردنی کار لە کێڵگەیەکدا، کۆچبەرەکەیان بۆ ئەو ناوچەیە بردووە، بەڵام دوای گەیشتنی، هەموو بەڵگەنامە و کەلوپەلێکیان لێ ستاندووە. لەبارەی وردەکاریی شێوازی کارکردنی، پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆچبەرەکە بۆ ماوەی چەندین هەفتە بە رۆژ کاری پێکراوە و شەوانیش بە زۆر خراوەتە نێو سندووقێکی گەورەوە و لێی داخراوە. ئەو کۆچبەرە نەک هەر پارەی کارەکەی پێنەدراوە، بەڵکو وەک پۆلیس دەڵێ: "هەر کاتێک داوای پارەی کردبێت، یان رەتی کردبێتەوە شەوان بچێتە ناو سندووقەکەوە، بە توندی لێیدراوە و ئەشکەنجە دراوە." تاوەکو ئێستا پۆلیسی یۆنان رەگەزنامەی کۆچبەرەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام جەختیان کردووەتەوە کە ئەوەی بەرامبەر ئەو کەسە کراوە "جۆرێکی ئاشکرای کۆیلەدارییە". ئەو رووداوە لە کاتێکدایە، پێشتریش دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ رەخنەی توندی لە حکومەتی یۆنان گرتبوو بەهۆی کەمتەرخەمی لە رێگریکردن لەو جۆرە مامەڵە کۆیلەدارییانەی لە هەندێک کێڵگە و ناوچەی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە کۆچبەران دەکرێت.