رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی و رایگەیاند، ئەگەری هەیە رێککەوتنەکە تاوەکو رۆژی دووشەممە یان لەو رۆژەدا واژۆ بکرێ.
دۆناڵد ترەمپ بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاند، لێدوانەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران "زۆر ئەرینی" بوون، ئەوەش دوای تویتێکی وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی رێککەوتن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، داوای روونکردنەوەی فەرمی لە ئێران کردووە سەبارەت بەو هەواڵانەی میدیای ئەو وڵاتە ئەمڕۆ بڵاویان کردەوە.
ترەمپ گوتی کە تاران بە شێوەیەکی تایبەت "داوای لێبووردنی کرد بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست."
پێش ئەم لێدوانە، ترەمپ لە پلاتفۆرمی (ترووس سۆشیاڵ) بە زمانێکی تووند هێرشی کردە سەر سەرکردەکانی ئێران و نووسی: "ئەو مەرجانەی ئێران بڵاوی کردوونەتەوە، هیچ پەیوەندییەکیان بەو مەرجانەوە نییە کە بە نووسراو لەسەریان رێککەوتووین. سەرکردەکانی ئێران کەسانێکی بێ متمانەن بۆ مامەڵەکردن، پێویستە بە خێرایی خۆیان چاکبکەن."
میدیای ئێران چی بڵاوکردەوە؟
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێران، دوای واژۆکردنی رێککەوتنی سەرەتایی، ئێران و ئەمریکا بۆ 60 رۆژ دانوستاندن دەکەن و "پێداگری لەسەر مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و هێشتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەکرێ، ئەوەش بۆ ئەوەی بخرێتە نێو رێککەوتنی کۆتاییەوە".
جگە لەوەش، بەپێی ئیرنا، ئێران پێداگری لەسەر بەڕێوەبردنی جووڵەی تەنگەی هورمز دەکات، کە رێڕەوێکی سەرەکیی بازرگانیی دەریاییە بۆ گواستنەوەی نەوت و گازی کەنداو، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە تاران گەمارۆی خستووەتە سەر.
هاوکات هەر رۆژی هەینی، ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستاندنکاری ئێرانەوە نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە گوایە دەقی رەشنووسی ئەو رێککەوتنەیە کە خەریکە یەکلایی دەکرێتەوە.
ئاژانسەکە دەڵێ، رەشنووسەکە کۆتایی بە شەڕی هەموو بەرەکان دەهێنێت، لەنێویاندا لە لوبنان کە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنە سەری؛ هەروەها 24 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێ و ماوەی 60 رۆژیش بۆ دانوستاندن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دیاری دەکرێ.
وەک میهر دەڵێ، هەروەها رەشنووسەکە هەڵپەساردنی سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوتی ئێران، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و پلانی ناچارکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێران لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕەکەوە بەر ئەو وڵاتە کەوتوون، لەخۆدەگرێ.
عێراقچی: رێککەوتن لە هەموو کاتێک نزیکترە
ئەم هەڵوێستەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە ئێکس رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست، کردنەوەی تەنگەی هورمز و دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران "لە هەموو کاتێک نزیکترە."
عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو رەشنووسەکە دەگاتە قۆناخی کۆتایی، پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و گریمانەیی خۆیان بەدووربگرن.
لەلایەکی دیکەوە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کە وڵاتەکەی نێوەندگیری سەرەکیی نێوان واشنتن و تارانە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "گەیشتووینەتە دەقێکی رێککەوتوو بۆ پەیماننامەی ئاشتی،" ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسلامئاباد ئێستا لەگەڵ هەردوولادا کار لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو دەکات.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە لەکاتێکدان، ناوچەکە لەژێر باری قورسی جەنگێکی وێرانکەردایە کە لە 28ـی شوباتی رابردوودا دەستیپێکرد. جەنگەکە بووەتە هۆی پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی لە تەنگەی هورمز، کە رێڕەوێکی ستراتیژییە و پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
هەرچەندە لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەستێکی لەرزۆک راگەیێندراوە، بەڵام چەندین جار بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە درزی تێکەوتووە.
