رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، هێزەکانیان رێگرییان لە هێرشێکی درۆنیی ئێران کردووە کە کەشتییە بازرگانییەکانی لە تەنگەی هورمز کردبووە ئامانج و هەموو درۆنەکانیان خستوونەتە خوارەوە.
رۆژی شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئێران چەندین درۆنی بە ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز تەقاندووە."
سێنتکۆم کە سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات، ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە چەند کاژێری رابردوودا ئەو درۆنانەی تێکشکاندووە.
سەبارەت بە دۆخی تەنگەی هورمز و جووڵەی بازرگانی، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دڵنیایی دەدات و دەڵێ، هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەکە بێ هیچ ئاستەنگێک بەردەوامە و "رێڕەوە نێودەوڵەتییەکە بۆ ترانزێ بە کراوەیی ماوەتەوە."
سێنتکۆم دەڵێ، هێزەکانیان بە شێوەیەکی "تووندوتۆڵ" لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوامن و لە 13ـی نیسانەوە ئاراستەی 139 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، 9 کەشتییشیان لەکارخستووە کە پابەندی رێنماییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا نەبوون.
ئەم رووبەڕووبوونەوەیە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی هەردوو وڵات رایانگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو کاتێک نزیکترە.