رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی بەرلینی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرکەسێک بیەوێ وڵاتینامەی ئەڵمانیا وەربگرێ، دەبێت پابەندبوونی خۆی بە دەستووری ئەڵمانیا و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بسەلمێنێت. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، زیادبوونی وەرگرتنی وڵاتینامە بە رێژەی 80% لە ساڵی رابردوودا شتێکی چاوەڕوانکراو بووە"، چونکە دامەزراوەیەکی نوێیان بەناوی (فەرمانگەی هەرێمیی کۆچبەران) دامەزراندووە کە بە پرۆسەیەکی باشتر داواکارییەکان بەڕێوەدەبات. نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی بەرلین، رۆژی هەینی 12ی حوزەیرانی 2026 وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و رایگەیاند، کاروباری هاووڵاتیبوون لە 1ی کانوونی دووەمی 2024ەوە بە شێوەیەکی "ناوەندی" و لەلایەن فەرمانگەی هەرێمیی کۆچبەرانی بەرلین (LEA) بەڕێوەدەبرێ و بەم شێوەیە بەرپرسیارێتی ئەم پرسە لە شارەوانیی ناوچەکان وەرگیراوەتەوە. وەزارەتەکە گوتی: "بەهۆی ئەم گواستنەوەی ئەرکە و باشترکردنی رێکارەکانی کارکردن، ژمارەکان لە ساڵی 2024دا لە بەرلین بەراورد بە ساڵی 2025 زۆر زیاتر بوون. بەهۆی ئەم سەرلەنوێ رێکخستنەوەیە و بە مەبەستی باشترکردنی کارەکان، ئەم زیادبوونە چاوەڕوانکراو بوو و بە شێوەیەکی لەپڕ و نەخوازراو نەبووە." راگەیاندنی دڵسۆزی لە بەرامبەر دەستوور پابەندییە رووداو ویستی بزانێت دامەزراوەکانی ئەو وڵاتە چۆن دڵنیا دەبنەوە لەوەی ئەو کەسانەی وڵاتینامەی ئەو وڵاتە وەردەگرن، پابەندی دەستوور دەبن. وەزارەتی ناوخۆی بەرلین بە رووداوی راگەیاند، دەبێت هەموو داواکارانی وڵاتینامەی ئەڵمانیا بە شێوەیەکی "چالاک" و لە چاوپێکەوتنی "راستەوخۆدا" پابەندبوون و دڵسۆزیی خۆیان بۆ دەستوور و بەتایبەتیش بۆ "بەرپرسیارێتی مێژوویی" بەرامبەر جووەکان پێشان بدەن. دەستەی ئامار: ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی وڵاتینامەیان وەرگرتووە چوار بەرامبەر بووە فەرمانگەی هەرێمیی کۆچبەرانی بەرلین (LEA) دەڵێ، لە ساڵی 2025دا 39 هەزار و 41 کەس لە بەرلین وڵاتینامەی ئەڵمانیایان وەرگرتووە، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2024 (17,230 کەس) زیادبوونێکە زۆرە. بەگوێرەی هەمان ئامار، زۆرترین ئەو کەسانەی وڵاتینامەیان وەرگرتووە خەڵکی ئەم وڵاتانەن: سووریا (7,548)، تورکیا (4,099)، رووسیا (3,334) و ئۆکراینا (1,786). LEA ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی بوونەتە خاوەن وڵاتینامەی ئەڵمانیا لە ساڵێکدا "چوار هێندە" زیادی کردووە، لە 283 کەسەوە لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە هەزار و 90 کەس لە ساڵی 2025دا. بەگوێرەی فەرمانگەی هەرێمیی ئامار، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی لە بەرلین بوونەتە هاووڵاتی ئەو وڵاتە نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە هەزار و 619 کەس. دەستەی ئامار رایگەیاندووە، لە هەمان ساڵدا بە گشتی 42,517 کەس داوای وڵاتینامەی ئەڵمانییان کردووە و داواکاری هەزار و 934 کەس رەتکراوەتەوە.