رووداو دیجیتاڵ
ئەو ژمارە داراییانەی لە رێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان ئەمریکا و ئێران، باسیان لێوەدەکرێت، لە 24 کاژێردا بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. هاوکات جیاوازی نێوان واشنتن و تاران سەبارەت بەوەی لەسەر چی رێککەوتوون گەورەتر بووە. ئەوەی بەیانی رۆژی هەینی وەک ناکۆکییەک لەسەر 24 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکان دەستی پێکرد، تاوەکو ئێوارەی هەمان رۆژ گۆڕدرا بۆ داواکارییەکی زۆر گەورەتر، وەک ئەوەی هەندێ لە میدیا ئێرانییەکان باسیان لە پاکێجێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەکرد و رەتکردنەوەی تووندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بەدواوە هات.
300 ملیار دۆلارەکەی ئاژانسی مێهر
ئەو بەڵگەنامەیەی میدیای نیمچەفەرمی ئێران، (ئاژانسی هەواڵی مێهر)، رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، ژمارەیەکی تێدابوو زۆر لە ژمارەی 24 ملیار دۆلارەکەی پێشووتر زیاتر بوو. دەقەکەی ئاژانسی مێهر، جگە لە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە دوو قۆناخدا، دەڵێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت پلانی ئاوەدانکردنەوە بە بەهای لانیکەم 300 ملیار دۆلار پێشکێش بە ئێران بکەن، لەگەڵ کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێران و دەوروبەری. بەڵگەنامەکە داوای راگرتنی سزاکانی سەر هەناردەی نەوت و پێترۆکیمیایی ئێران و لادانی تەواوەتی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران دەکات، کە لە 13ی نیسانەوە دانراوە. لە بەرامبەردا، ئێران لە ماوەی 30 رۆژدا تەنگەی هورمز دەکاتەوە، بەڵام بەو مەرجانەی کە تاران خۆی دایاندەنێت.
وەڵامی ترەمپ
کاردانەوەی دۆناڵد ترەمپ خێرا و نائاسایی و تووند بوو. لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیاڵ)، ترەمپ نووسیویەتی، "ئەو مەرجانەی ئێران بۆ (فەیک نیوز) میدیا ساختەکارەکان، دزەی پێکردووە، هیچ پەیوەندییەکیان بەو مەرجانەوە نییە، کە بە نووسراو رێککەوتنیان لەسەر کراوە".
سەرۆکی ئەمریکا تەنانەت دەڵێت، ئەوان کەسانێک نین کە بە نیازپاکییەوە دانوستاندنیان لەگەڵ بکەی و بە ناپیاو ناویانی بردن. سەرۆکی ئەمریکا هەروەها بابەتەکەی راستەوخۆ بە رووداوێکی ئەمنییەوە گرێدایەوەو گوتی، "هێرشی درۆنی ئێران بۆ سەر کەشتییە هیندییەکان کە بە تەواوی تێکشکێنرا بە هیچ شێوازێک قبوڵکراو نییە."
ئەمە گۆڕانکارییەکی تووندە لە تۆنی قسەکانی دۆناڵد ترەمپدا، بەراورد بە رۆژی پێنجشەممە، کاتێک لە کۆشکی سپی رایگەیاندبوو گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی گەورە بۆ کۆتاییپێهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران.
جەی دی ڤانس: ئێرانییەکان هیچ پارەیەک وەرناگرن
جەی دی ڤانس، جێگری ترەمپ، هەوڵیدا کۆتایی بە هەموو بانگەشە داراییەکان بهێنێت. هەردوو ژمارەی 24 ملیار و 300 ملیار دۆلارەکە بە تەواوەتی لەلایەن ڤانسەوە رەتکراوەتەوە. ڤانس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "زانیاری ساختەی زۆر دەبینم سەبارەت بە رێککەوتن بۆ کردنەوەی تەنگەکە و کۆتایی پێهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران". جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئێرانییەکان هیچ پارەیەکی نەخت وەرناگرن و تەنیا بەهۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکدا یان واژۆکردنی رێککەوتنەکە هیچ پارەیەکیان بۆ ئازاد ناکرێت."
کاردانەوەی کۆنگرێس
300 ملیار دۆلارەکە، کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش بە جیا بڵاویکردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە رێککەوتنەکە "سندوقێکی وەبەرهێنانی ئاوەدانکردنەوە بە بەهای 300 ملیار دۆلار بۆ ئێران" لەخۆدەگرێت، کاردانەوەی خێرای سیناتۆر لیندزی گراهامی لێکەوتەوە. گراهام دەڵێت، ئەمە هاوشێوەی پلانی مارشاڵ دەبێت بۆ ئەڵمانیا لە کاتێکدا نازییەکان هێشتا لەسەر دەسەڵات بن. گراهام جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر سندوقێکی ئاوەدانکردنەوە، کە سوود بە ئێران بگەیەنێت، بیرۆکەیەکی باش نییە.
75٪ چانسی رێککەوتن
سەرەڕای ئەم جیاوازییە گەورانە، بەرپرسانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە، کە رێککەوتنەکە نزیکە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە تەلەفزیۆنی NewsNationی راگەیاندووە، کە هەردوولا 75٪ـی رێگەکەیان بڕیوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنەکە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە شێوازێکی هێمنتر لە ترەمپ نووسیویەتی کە "یاداشتنامەکە هەرگیز وەک ئێستا نزیک نەبووە لە یەککلاییبوونەوە" و داوای لە میدیاکان کرد خۆیان بپارێزن لە گریمانەکردن. تەنانەت دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ پۆستەکەی عێراقچی بڵاوکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، کە وڵاتەکەی رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت، رایگەیاند کە هەڵمەتێکی بێ پچڕانی زانیاری چەواشەکارانە لە ئارادایە بۆ تێکدانی رێککەوتنەکە. شەریف دەڵێت دەقێکی کۆتایی رێککەوتنی لەسەر کراوە.
تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی ئەمریکی پشتڕاستی نەکردووەتەوە، کە 24 یان 300 ملیار دۆلار بۆ ئێران ئازاد دەکرێت یان لەبەردەست دەبێت. لەلایەکی دیکەشەوە، وەزارتی دەرەوەی ئیمارات بە تووندی رەتیکردەوە، کە ملیارەها دۆلار پارە لە نێوان 3 بۆ 20 ملیار دۆلار بۆ ئیران ئازاد بکەن و بە راپۆرتی هەڵە و بێ بنەما ناوزەدی کردووە.
.jpg&w=3840&q=75)