رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، رۆژی هەینی رێککەوتن لەگەڵ ئێران واژۆ دەکرێت و بەوەش نەوت بە تەنگەی هورمز دا بۆ بازاڕەکانی جیهان دەڕوات.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ ئێران رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنە مەزنە ئاشتی و ئاسایش بۆ تەواوی ناوچەکە دەهێنێت. زۆرێک لە سەرۆکەکان هەوڵیان دا ئاشتی لەگەڵ ئێراندا بەرپا بکەن، بەڵام هەموویان شکستیان هێنا. سەرکردەکانی ناوچەکە، بۆ یەکەمجار، سەرۆکێکیان دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت یارمەتییان بدات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی راستەقینە."
ترەمپ دەشڵێت: "لەگەڵ کردنەوەی تەنگەی هورمز دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، کە بۆ پاککردنەوەی تەنگەکە لە مین خراوەتە رۆژی هەینی، جارێکی دیکە نەوت لە هەردوو سەرەوە بۆ ناوچەکە و جیهان دەڕوات!"
پێشتر، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X نووسی: "دوای دانوستاندنی چڕ، خۆشحاڵین رایبگەیێنین کە رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەستهات. هەردوولا کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە سەرجەم بەرەکاندا راگرت، لەنێویاندا لە لوبنانیش".
هاوکات، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، رێککەوتنی نوێی وڵاتەکەی لەگەڵ واشنتن "کۆتاییەکی دەستبەجێ" بە جەنگ دەهێنێت. غەریبئابادی گوتی: "لە ماوەی 60 رۆژدا هەردوولا کار لەسەر رێککەوتنێکی کۆتایی دەکەن. کۆتاییەکی هەمیشەیی و دەستبەجێ بۆ جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، لەوانەش لوبنان، راگەیێندراوە."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "لە کۆبوونەوەکەدا چەند هەموار و چاکسازییەکمان لە دەقەکەدا کردووە کە لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە پەسند کراون".
جەختیشی کردەوە کە دەبێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو هەنگاوی دەستبەجێ بنرێن: "یەکەم، کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە سەرجەم بەرە جیاوازەکاندا بە لوبنانیشەوە؛ دووەم، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی".
پێش ئەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، لەگەڵ ئێران بە تەواوی گەیشتوونەتە رێککەوتن. ترەمپ نووسیویەتی: "رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو. پیرۆزە لە هەمووان! لێرەوە بە تەواوی رێگە دەدەم بە کردنەوەی بەخۆڕایی و بێ باجی تەنگەی هورمز، و هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا، فەرمان دەکەم بە لابردنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان دابگیرسێنن، با هاتووچۆی نەوت دەستپێبکاتەوە."
