رووداو دیجیتاڵ
ئێران سوپای ئەمریکا بە پێشێلکردنی ئاگربەستی نێوانیان تۆمەتبار دەکات، ئەوەش دوای ئەو هێرشانەی شەوی رابردوو کرانە سەر ژمارەیەک کۆگای مووشەک و بەلەمی دانانی مین لە باشووری ئێران. ئەم پەرەسەندنە نوێیانە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، خستە مەترسییەوە.
نرخی نەوتی برێنت بە نزیکەی 3% هەڵکشا دوای ئەوەی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا (CENTCOM) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی بۆردومانەکان کرد. هاوکات چین داوای لە هەردوو لایەن کرد رێز لە ئاگربەست بگرن و ناکۆکییەکانیان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکەن.
بەپێی چاودێریی ئاسایشی دەریایی (UKMTO)، تەقینەوەیەک زیانی بە تانکەرێک گەیاندووە لە نزیک عومان، بەڵام رێکخراوەکە رایگەیاند کە خەڵک و کەشتییەکە سەلامەت بوون. سوپای پاسدارانیش رایدەگەیێنێت کە هێزەکانیان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکایان خستووەتە خوارەوە کە ئاسمانی ئێرانی بەزاندبوو، هەروەها تەقەیان لە فڕۆکەیەکی جەنگیی F-35 کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، "سوپای تیرۆریستیی ئەمریکا لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا، پێشێلکارییەکی گەورەی ئاگربەستەکەی لە ناوچەی هورموزگان ئەنجام داوە." وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە تاران هیچ خراپەکارییەک بەبێ وەڵام جێناهێڵێت و دوودڵ نابێت لە بەرگریکردن لە گەلی ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، هۆشداریی دایە وڵاتانی ناوچەکە کە واز لە میوانداریی بنکە سەربازییەکانی واشنتن بهێنن. خامنەیی گوتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکان چیدیکە هیچ پەناگەیەکی ئارامی لە ناوچەکەدا نییە و رۆژ بە رۆژ زیاتر لە پێگەی پێشووی خۆی دوور دەکەوێتەوە."
تیم هاوکینز، گوتەبێژی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا، سەبارەت بە هێرشەکان گوتی، "هێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ هێرشی بەرگری لەخۆکردنیان لە باشووری ئێران ئەنجام دا بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە هەڕەشەکانی ئێران."
سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییانە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا دەرفەت بۆ رێککەوتن ماوە. روبیۆ بە تووندی پێداگریی لەسەر کرانەوەی تەنگەی هورمز کردەوە و بە رۆژنامەنووسانی گوت، "ئەمڕۆ چەند گفتوگۆیەک لە قەتەر کران. پێم وایە دەگەینە ئەنجام، بەڵام چەند رۆژێکی دەوێت." ئەو جەختی کردەوە کە داخستنی تەنگەی هورمز یاساشکێنییە و بۆ جیهان قبووڵکراو نییە.
ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران ئاشکرای کرد کە دانوستاندنــکارانی تاران داوای ئازادکردنی سامانە بلۆککراوەکانیان دەکەن، کە بە نزیکەی 24 ملیار دۆلار هەژمار دەکرێت. بەپێی یادداشتی تێگەیشتنە 14 خاڵییەکە، دەبێت 12 ملیار دۆلاری ئەو پارەیە لە قۆناخــی یەکەمدا بەردەست بکرێت. محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دوێنێ 25-05-2026 بە یاوەریی عەباس عێراقچی و عەبدولناسر حیمەتی بۆ ئەم مەبەستە لە قەتەر بوون.
لە لایەکی دیکەوە، هیواکان بۆ رێککەوتنی کۆتایی کەمبوونەتەوە دوای ئەوەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە سووربوونی خۆی لەسەر "تێکشکاندنی" حیزبوڵڵا لە لوبنان راگەیاند. ئێران داوا دەکات هەر رێککەوتنێکی ئاشتی، دەبێت وەستاندنی شەڕ لە لوبنانیش بگرێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)