رووداو دیجیتاڵ
داواکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێنانی وڵاتی زیاتری ئیسلامی بۆ نێو "رێککەوتنی ئیبراهیم" و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بە ساردی پێشوازیی لێدەکرێت و بەشێک لە بەرپرسانیش بە "تاکتیکێکی سیاسی" ناوی دەبەن.
ماڵپەڕی (Axios)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەرپرسانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داواکەی دۆناڵد ترەمپیان بە جدی وەرنەگرتووە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو وڵاتانە پێیانوایە ترەمپ تەنیا دەیەوێت لایەنگرە "کۆمارییە تووندڕۆکانی" رازی بکات، کە نیگەرانن لەوەی لە دانوستاندنەکانیدا لەگەڵ تاران، سازش بۆ ئێران بکات.
دیپلۆماتکارێکی وڵاتانی کەنداو کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ماڵپەڕە ئەمریکییەکەی گوتووە، "ئەمە تەنیا تاکتیکێکی زیرەکانەیە بۆ هێورکردنەوەی جەماوەرە تووڕەکە."
هاوکات بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکاش ئاماژەی بەوە کردووە، هەندێک لە وڵاتە عەرەبییەکان ئەم داوایەی ترەمپ وەک "حەبێکی ژەهراوی" دەبینن و پێشبینی دەکرێت رەتبکرێتەوە.
لە بەرامبەردا، ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکەی ترەمپ دەربڕی و رایگەیاند، رێککەوتنی ئیبراهیم سوودی ئابووری زۆری هەبووە و دەکرێت ببێتە تەواوکەری رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران.
دۆناڵد ترەمپ، رۆژی دووشەممە لە رێگەی پلاتفۆرمی (ترووس سۆشیاڵ) بە زمانێکی فەرمانئامێز داوای کرد وڵاتانی (پاکستان، میسر، تورکیا، قەتەر و سعودیە) واژۆ لەسەر رێککەوتنەکە بکەن و بێنە نێو پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
لە کاتێکدا ئیمارات و بەحرێن لە ساڵی 2020ـەوە ئەندامی رێککەوتنەکەن، بەڵام بۆ سعودیە بابەتەکە جیاوازە. بەرپرسێکی کەنداو دەڵێت، "هەڵوێستی ریاز نەگۆڕە؛ ئێمە تەنیا پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەکەین بۆ کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل."
تووندترین کاردانەوە لە لایەن پاکستانەوە بوو؛ خواجە ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان بە تەواوی چوونی وڵاتەکەی بۆ نێو ئەو رێککەوتنە رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئەمە دژ بە بیروباوەڕە سەرەکییەکانی ئێمەیە."
مایکل راتنی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سعودیە پێیوایە وڵاتانی کەنداو ئێستا لە نێوان دوو بەرداشن؛ دەیانەوێت بەبێ تووڕەکردنی ترەمپ، بەرگری لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیان بکەن.
هەرچەندە ترەمپ دەیەوێت نەخشەیەکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکێشێت، بەڵام چاودێران پێیانوایە "کێشەی فەلەستین" هێشتا گەورەترین ئاڵنگارییە لەبەردەم فراوانکردنی رێککەوتنی ئیبراهیم و هەر هەنگاوێکی تاران و واشنتنیش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و بازاڕی وزە دەبێت.
