رووداو دیجیتاڵ
سوپای
پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکی نوێدا دەڵێ: لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا،
توانیویانە 21 ئامانجی سەربازیی سوپای ئەمریکا لە بنکە ئاسمانی و دەریاییەکانی
ناوچەکەدا بپێکن.
بەپێی راگەیێندراوەکە،
کە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوی کردەوە، سوپای پاسداران دەڵێ: توانیویانە درۆنێکی
پێشکەوتووی ئەمریکایی لە جۆری MQ9 لە ئاسمانی شاری (جەم) بخەنە خوارەوە.
هاوکات هێزی
ئاسمانیی سوپای پاسداران، بە مووشەکی دوورهاوێژ، هێرشی کردووەتە سەر چوار ئامانجی
ستراتیژی لە ناو خاکی ئوردن.
لە راگەیێندراوەکەی
سوپای پاسداراندا هاتووە، بنکەی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 و ناوەندی کۆنتڕۆڵ و فەرماندەیی
سوپای ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی (ئەزرەق) لە ئوردن کراونەتە ئامانج و زیانی گەورەیان
بەرکەوتووە.
رۆژی چوارشەممە،
10-06-2026، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا
کاژێر 5:00ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (12:00 شەو بە کاتی هەولێر) بە
فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، دەستیان بە هێرشی بەرگری لە خۆکردن کردووە.
سێنتکۆم هێرشەکەی
بە "وەڵامێکی گونجاو بۆ دەستدرێژییە بێ پاساوەکەی ئێران" وەسفکرد. ئەمەش
دوای ئەوە هات، دەنگی چەندین تەقینەوە لە کەناراوەکانی باشووری ئێران لە نزیک تەنگەی
هورمز بیسترا.
دۆناڵد ترەمپ
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (ABC News) رایگەیاند، "ئەمریکا بە شێوازێکی
بەهێز وەڵامی ئەوە دەداتەوە کە دوێنێ شەو لەگەڵ هێلیکۆپتەرەکەماندا کردیان. پێموایە
وەڵامەکە دەبێت زۆر بەهێز و زۆر کاریگەر بێت، ئەمەش هەر وایە."
هێرشەکانی ئەمریکا
تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە ترەمپ گوتبووی دانوستاندنی ئاشتی لە قۆناخی کۆتاییدایە.
فەرماندەیی
ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی سێنتکۆم هێرشی بەرگری لەخۆکردنیان دژی
ئێران تەواو کرد. بەڵام تاوەکو ئێستاش (کاژێر 5:00ی بەیانی) ئێران بەردەوامە لە هێرشکردنە
سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو.
.jpg&w=3840&q=75)