رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و داوایان لێدەکات رێگە نەدەن ئەمریکا و ئیسرائیل خاکیان دژی ئێران بەکاربێنن، دەشڵێت، "ئێران لە جێبەجێکردنی مافی سرووشتیی بەرگریی رەوای خۆی، لەوانەش بەئامانجگرتنی سەرچاوەی هێرشەکان دوودڵ نابێت."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە هێرشەکانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکای بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە باشووری ئەو وڵاتە بە تووندی سەرکۆنە کرد و بە "پێشێلکارییەکی روون و ئاشکرای جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" ناوی برد.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "دەسەڵاتی ئەمریکا لە یەکەم خولەکەکانی بەرەبەیانی چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، بە پاساوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچیی سوپا تووندڕەوەکەی لە ئاسمانی تەنگەی هورمز لە شەوی دووشەممەدا، هێرشی دڕندانەی کردە سەر چەندین ناوچە لە باشووری وڵات".
دەشڵێت، "ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانن، بە تایبەت بڕگەی 4 لە مادەی 2 و یاسای بنەڕەتیی قەدەخەکردنی بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. دەسەڵاتدارانی ئەمریکاش بەم کردارە دەستدرێژیکارانە جارێکی دیکە رووخساری تاوانکارانە و شەڕخوازانەی خۆیان پیشان دایەوە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرە ئەمریکییەکە لە تەنگەی هورمز کردووە، بەڵام بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
لە راگەیێندراوەکەدا بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا وەک "سەرچاوەی دەستدرێژی" ناوبراون و هێرشەکانی ئێرانیش وەک "مافی سرووشتیی بەرگریی رەوا" هەژمار کراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەمریکا، داوای لە وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت وڵاتانی کەنداو کردووە کە رێگری بکەن لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی "خاک و پێداویستییەکانیان" لە لایەن سوپای ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ "داڕشتن، رێکخستن، جێبەجێکردن و پاڵپشتیکردنی کردەوە دەستدرێژیکارانەکان دژی ئێران".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی مافی سرووشتیی بەرگریی رەوادا، لەوانەش لە رێگەی بەئامانجگرتنی سەرچاوەی هێرشەکان و بنکە و کەرەستە لۆجستییەکانی دیکە کە بۆ جێبەجێکردن و پاڵپشتیکردنی هێرشەکانی دژ بە ئێران بەکار دێن، دوودڵ نابێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا بە ئاماژەدان بە وەڵامی موشەکیی ئێران لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمریکادا هاتووە: "لەکاردانەوەی دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا بۆسەر ئێران و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمان، هێزە چەکدارە بەهێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێناو جێبەجێکردنی مافی سرووشتیی بەرگریی رەوادا بنکە و داراییەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا کە سەرچاوەی ئەم دەستدرێژیانە بوون، کردە ئامانج."
